یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری هەولێر تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستی هەرێم یەکەم حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنای لە هەولێر ڕاگەیاند و بەمەش ژمارەی توشبووان لە هەرێم بۆ نۆ حاڵەت بەرز بووەوە. 

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌یاننامه‌ی ژماره‌ (9)ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ماڵپەڕی "سپی" كه‌وتووه‌، هاتووه‌" لە بەردەوامی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو، ئەمڕۆ پشکنین بۆ (27) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (1) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ  COVID-19 یە، کە ئافرەتێکی تەمەنی (33) ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە".

 

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی: 

 

 بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستی

ژمارە (٩)

لەمیانەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 و کۆنتڕۆلکردنی ئەو نەخۆشیە و بەردەوامی تیمەکانی گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە لەڕێگەی دامودەزگاکان و تیمەکانی تەندروستی ڕۆژانە بەردەوامن لەگەڵ چاودێریکردنی ڕەوشی تەندروستی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکانن کە ژمارەیان (٢٨٠٤) هاوڵاتی بوون لە ٣٠ شوێنی جیاواز وە لە ئێستادا (٩٨٢) هاولاتی دەرچوون لە کەرەنتین و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان.

دوای ڕاگەیاندنی ژمارەی تووشبوان لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا باری تەندروستیان جێگێرە و لەژێر چاودێری پزیشکی دان، وە لە بەردەوامی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ئەمڕۆ پشکنین بۆ (٢٧) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (١) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری فایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 یە، کە ئافرەتێکی تەمەنی (٣٣) ساڵە و دانشتووی شاری هەولێرە لە کاتی تێستادا باری تەندروستی جێگیرە، بەمەش کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان بوو بە (٩) حالەت کە لە نێویاندا (١) مردن هەیە .

وەزارەتی تەندروستی دوپاتی دەكاتەوە كە پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەكانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێكراوێك و گەشتیارێك كە دوورن لە چاوی تیمەكانی تەندروستی و هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە كاری پێویست بۆ ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێكراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەریەكانی نەخۆشەكان.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٦ی ئازاری٢٠٢٠



AM:12:18:07/03/2020