نزیكەی ١٠٠ هاوڵاتی کورد لەهیندستانەوە گەیشتنە هەرێمی كوردستان

فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند" نزیکەى ١٠٠ هاوڵاتى هەرێم کە لە هیندستان گیریان خواردبو بە سەلامەتى گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان".

 

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوە گیریان خواردووە، دوێنێ پێنجشەممە بە هەوڵ و کۆششی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی هیند گیریان خواردبوو گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان".

ئاماژە بەوەشدراوە" ئەم هاووڵاتیانە کە زۆربەیان بۆ چارەسەری نەخۆشی و کاری بازرگانی سەردانی وڵاتی هیندیان کردبوو ئەمڕۆ بە سەلامەتی گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە تەواوی رێکارەکانی پشکنین و کەرەنتینیان بۆ دەکرێ".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، پێشتریش فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاندبوو، کە دوای وەستانی گەشتە ئاسمانیەکان زۆر لەو هاووڵاتیانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یان بۆ خوێندن یان وەکو گەشتیار لەدەرەوەی وڵات بوون و پێویست بوو بگەڕێنەوە، لەچوارچێوەی پلانێکی تۆکمە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ توانیمان ئاسانکاری بۆ ژمارەیەکی بەرچاو بکەین و لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستە بگەڕێنەوە.

 


AM:10:20:03/04/2020