پارێزگاری سلێمانی بەرنامەیەکی نوێ دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە

سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژە بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی نوێ دەکات، کە ئەویش قۆناغی " تاک پارێزی"یە.

 
دەقی راگەیاندنی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆن.. 

 
بەناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، سوپاسی خۆپارێزیی و پابەندیی و خۆڕاگریی و گیانی بەرپرسیارانەی هەموو هاونیشتمانیانی هۆشمەندو دانشمەندی پارێزگای سلێمانی و كوردستان و دامودەزگاكانی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان و كەرتی تایبەتی نیشتمانیی و مێدیاكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەكەین.
بەرنامەی پێویست و فریادڕەسی نوێمان وەك پارێزگای سلێمانی، پەرەپێدانی كەلتوری خۆپارێزیی و تاكپارێزییە، بەو مانایەی هەریەكێكمان ببینە پزیشكی خۆمان و لە هەر كات و دۆخ و شوێن و كارێكدا بین، هەركەسەمان لەسەر بنەمای (پاراستنی خۆم؛ پاراستنی هەموومانە، پاراستنی خۆت؛ پاراستنی هەموو جیهانە)، ڕەفتار بكەین.
بۆئەوەی ژیان ئاسایی بكەینەوەو ژینگەی كارو چالاكیی ڕۆژانە دەستپێبكاتەوە، وادەخوازێت، تاك بە هۆشیاریی و هەستیارییەوە، خۆی خۆی بپارێزێت، دەوروبەرو كۆمەڵگایش سەرزەنشت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەركەسێكدا بكات، كە سەرپێچی و سەركەشیی و بێباكیی لە خۆپارێزیی خۆیدا دەكات و، ڕێگە نەدەین هیچ كەسێك بەبێ ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان، بەبێ دەستكێش و دەمامك، گوزەر بكات، كار بكات.
دەبێت خۆمان لە دروستكردنی قەرەباڵغی و بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون، بپارێزین، بۆئەوەی خۆمان و مرۆڤایەتیش بپارێزین.
هەر لێرەوە، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، لەم پەیام و پلانە تەندروستییە مرۆییە نیشتمانییەدا پشتیوانمان بن و هانی ئەندام و لایەنگرو هەوادارو هەڵسوڕاوەكانیان بدەن بۆ (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی)و پابەندبوونی تەواو بە ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە.
پابەندبوونی ئێوە، ڕێگای دووری دەربازبوون لەم پەتایە، كورت دەكاتەوەو مەترسییەكانی سەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆ دەرفەتەكانی ژیانەوەو بوژانەوەو ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكان دەگۆڕێت.
بەهەمان شێوە داوا لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەین پشتیوانیی تەواوی ئەم پەیامی (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی)یە بن، بۆئەوەی بە هەموومان ژیان لە مردن ڕزگار بكەین.
لە بەشداریی و پشتیوانیی هەمووتان دڵنیاین،
چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەتانین.


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

 


PM:05:15:05/04/2020