کەسوکاری ئەنفال نیگەرانن لەخاو بەڕێوەچوونی گەڕاندنەوەی روفاتەکان

کەسوکاری ئەنفالەکان و ئیدارەی گەرمیان کە مەڵبەندێکی سەرەکی تاوانی ئەنفالی رژێمی پێشووە، نیگەران لەخاو بەڕێوەچوونی گەڕانەوەی روفاتەکان و دەڵێن وا چارەکە سەدەیەکی بەسەردا تێپەڕی.


لە راگەیاندنێکدا ئیدارەی گەرمیان دەڵێن" لە یادی٣٢ ساڵە ئازیزانی شەهیدی ئەم مەملەكەتە لەبیابانەكانی جەوروستەم لەنێو لمی بێ رۆحی نوگرەسەلمان و عەرعەر چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان.ئێمە نیگەرانین لەخاوی بەڕێوەچوونی رێكارەكانی گەڕانەوەی ڕوفاتە پیرۆزەكانیان".


ئیدارەی گەرمیان باس لەوە دەکەن" بە مەبەستی گەڕانەوەی روفاتەکان، چەندانجار، هەڵوێستی فەرمی خۆمانمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو پرسە بۆئەوەی لەڕێگەی سەرۆكایەتی كۆمارو پەرلەمان و حكومەتی عیراقەوە كاری پێویست بكرێت بۆ گەڕانەوەیان".

 
لە رگەیەندراوەکەی ئیدارەی گەرمیاندا هاتووە" بەداخەوە هەمووان ئەو راستییە دەزانین بردنی ئەو هەموو خەڵكە بەهۆكارەكانی گواستنەوەی وەك (تراكتۆر )كەمتر لەساڵیكی پێچوو، بەڵام  گێڕانەوەی روفاتە پیرۆزەكانیان خەریكە نزیك دەبیتەوە لە نیو سەدە!! ئومێدمان وایە هەرچی زووە ئەو كارە تەواو نەكراوانە تەواوبكرێن". 

 

ئیدارەی گەرمیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە داوا لەخەڵک و کەسوکاری ئەنفال دەکات کە پابەند رێنوماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ببن و خۆیان بپارێزن.
ئەنفال تاوانێکی رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراقە دژی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٨٨ دا بە ٨ قۆناغ ئەنجامدراو زیاتر لە ١٨٢ هەزار قوربانی لەخەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە.

 


AM:10:02:14/04/2020