خۆر پێستی دانیشتوانی گوندێكی بەرازیل دەتوێنێتەوە

گوندی ئاراراسی بەرازیلی بەدەست كێشەیەكی تەندروسستییەوە دەناڵێنن، ئەویش توشبونیانە بە نەخۆشییەكی دەگەمەنی پێست، كە شێوەی ڕوخساریانی گۆڕیوە و هاوشێوەی ئەوەی پێستیان توابێتەوە.
ڕۆژنامەی دەیلی میلی بەریتانی ڕاپۆرتێكی لەسەر ئەو گوندە بڵاوكردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە گوندی ئاراراس لەلایەن ژمارەیەك خێزانەوە دروستكراوە كە لە بنەڕەتەوە هەمویان نەخۆشی‌ پێستیان هەبوە، دواتر بەهۆی‌ ژن‌و ژنخوازییەوە نەخۆشییەكە گوازراوەتەوە‌و هەمو دانیشتوانی‌ گوندەكەی‌ گرتوەتەوە.
ئەو نەخۆشییەی توشی دانیشتوانی ئەو گوندە بووە ناوی وشكبونەوەی ڕەنگی پێستە و، نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی‌ خێرا  پەرەدەسەنێت تا دەبێتە نەخۆشی‌ شێرپەنجەی‌ پێست.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە بەریتانییەكە ئەوەی‌ وای كردووە تەندروستی پێستی ئەو كەسانە خراپتربێت شێوازی ژیانیانە، كە خەڵكی ئەم ناوچەیە بە پیشەی كشتوكاڵیەوە سەرقاڵن ئەمەش  ناچاری كردوون بۆ ماوەی‌ چەندین كاتژمێر لە بەردەم تیشكی‌ خۆدا كاربكەن.
ئەو كەسانەی دووچاری ئەم نەخۆشییە دەبن، تیشكی  سەرو وەنەوشەی خۆر بەشێوەیەكی خێرا كاریان لێدەكات و دەبێتە هۆی تواندنەوەی پێستیان، هەروەها كاریگەری خراپی لەسەر ماسولكەكانیان دەبێت و گەشەكردنیان دوادەخات.




PM:04:14:12/05/2014