بەهۆی هاوردەکردنی مریشکی بەستووەوە، زیانی بەرهەمی مریشکی زندوو بەردەوام لە هەڵکشانە

خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان مەترسی زیادبونی زیانی ماددی و داخستنی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاراستەی حکومەت دەکەن و داوا دەکەن چیتر مریشکی بەستو نەیەتە ناو هەرێم پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستن.

نازم عەبدووڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەلەی کێڵگە پەلەوەریەکان ڕایگەیاند" زیانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە هەرێمی کوردستان بەرزبۆتەوە بۆ ٧ ملیار دینار کە پێشتر لە دوو مانگی سەرەتای ساڵ ٥ ملیار زیان بەر کێڵگە پەلەوەریەکان کەوتبوو ئێستاش دوو ملیاری دیکە زیانیان پێگەشتووە ئەمەش دەبێتە هۆکاری داخستنی کێڵگە پەلەوەریەکان".

راشیگەیاند"بەئاشکرا وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت لە هەرێمەوە مریشکی بەستو دێتە عێراقەوە، کەئەمەش نیگەرانی ئێمەیە دەبێت حکومەت لەوەبگات کە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو زیان دەگەیەنێت بە خاوەن پرۆژەکانی مریشکی زندوو کە بەهەزان خێزان و هەزاران کاسبکار ژیانیان لەسەر ئەم کەرتە دەڕوات و مریشکێکی تەندروست بەزندوی دەخەنە بازاڕەوە بەنرخێکی هەرزان". 

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان دڵنیای دەدات بەحکومەت کەبەردەوام بەرهەمی مریشک لە زیادبوندایە گەر بێت و پشتیوانی نەکەن، ئەوا بەشێکی زۆر لە خاوەن پرۆژەکان ناچارن دایبخەن و بەمەش کەسانێکی زۆر بێکار دەبن و ئەو کەرتەش لەناو دەچێت. نازم جاف، دەشڵێت" حکومەت تەنها پشت بەداهاتی نەوت نەبەستێت، چەندین ووڵات لەدنیادا هەیە خاوەنی نوتنین و بە پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵ و پەلەوەر داهاتێکی زۆر و خوشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانیان دروست دەکەن".

 لەئێستادا تێچوی هەر کیلۆیەک مریشک لەناو پرۆژەکاندا دوو هەزار و ١٠٠ دینارە، لەئێستادا بە ١٦٠٠ دینار لەناو هۆڵەکاندا دەفرۆشرێت، کەساڵانە بەرهەمی مریشک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تەنە، کەساڵانە هەر تاکێک ٢٤ کیلۆ مریشکی پێویستە.

 


PM:01:15:01/05/2020