پۆلیس وردەکاری کوشتنی کچەکەی گەڕەکی چوار چرای ئاشکراکرد (وێنە)

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند" کچەکەی گەڕەکەی چوارچرا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر کوژرا، هاوڕێی یەکێک لە بکوژەکان بووە و شەوێک پێشتر هێناویەتی بۆ ماڵەکە".

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد" دوای ئەوەی شەوی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٠ هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە لە برینداربوونی ئافرەتێک لە ماڵێکدا لە گەڕەکی چوارچرا و کاتێک بنکەی پۆلیسی چوارچرا چوونە شوێنی رووداوەکە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا".

ڕاشیگەیاند" کاتێک لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکرد دەرکەوت ئەو ئافرەتە لە ماڵێکدا بووە سێ کوڕی تێدا بووە یەکێکیان خاوەنی ماڵەکەیە و خێزاندارە، هەروەها توانرا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تۆمەتباران دەستگیر بکرێن و لە میانەی لێکۆڵینەوەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو ئافرەتەیان شەوێک پێشتر هێناوە کە هاوڕێی یەکێک لە تۆمەتبارەکانە".

سەرکەوت ئەحمەد وتیشی" بەپێی دانپێدانانی ئەو کەسەی فیشەکەی ناوە بە ئافرەتەکەوە کێشە لە نێوانیاندا هەبووە، هەروەها لە ئێستادا پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی تەواوکردووە و سەرجەم تۆمەتبارەکان بەندن بەپێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عیراقی و پێشتریش پێشینەی تاوانیان هەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو: تۆمەتبارەکان لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٧ و ١٩٩٣ و ١٩٩٤ و هەرسێکیان کاسبن، هەروەها کوژراوەکەش لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ە.

 

لەچەند رۆژی ڕابردوودا کچێک لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی کوژرا و دوای ڕوداوەکەش پۆلیس سێ تۆمەتبارەی دەستگیرکرد.

 

 



PM:02:18:04/05/2020