زیندانی ئورمیە سوتێندرا

لە ڕاگەیەندراوێکدا رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد" بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە نیسبەتی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئاگریان لە بەشی ئەمنی بەندیخانەكە بەردا".

 

رێكخراوى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ چاودێرى ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات، له‌ راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، بەهۆی مەترسی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لەناو زیندانیەكاندا بەشی ئەمنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەلایەن بەندكراوانەوە ئاگری تێ بەردراوە".

 

هەچەندە چەند حاڵەتێكی ڤایرۆسەكە لەو زیندانەدا تۆماركراوە، زیندانیان ناڕەزاییان دەربِیوە و وتویانە ئەو بەتانیانەی پێیاندراوە پێشتر لەو بەشەدابووە كە نەخۆشی كۆرۆنای تیادا بڵاوبووەتەوە. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٠دا زیندانیانی شاری سەقز، بەندیخانەكەیان شكاند و ٧٥ كەس لە بەندیەكان هەڵهاتن و دواتر بەشێكیان دەستگیركرانەوە. 

لە رۆژی ٢٩ی هەمان مانگیشدا بەهۆی كەمتەرخەمیان دەزگای دادی ئێران چوار كارمەندی زیندانەكەی بەهۆی كەموكورتیان لە پاراستنی بەندیخانەكە دەستگیر كرد. 



PM:02:23:12/05/2020