وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

بۆ ئەو خوێندكار و قوتابیانەی زانكۆ، كە بەشێوەی ئۆنلاین لە دەرەوەی وڵات درێژەیان بە خوێندن داوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد.


بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە واژۆی د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە، تیایدا هاتووە “لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو لێكەوتانەی كە لە ئەنجامدا هاتە ئاراوە و گەڕانەوەی ئەو قوتابی و خوێندكارانەی، كە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە ئەم بڕیارانەی خوارەوەمان دەركرد”.


بەپێی بڕیارەکە، خوێندكاران ئەو ماوەیەی لە ناوەوەی وڵات بە شێوەی ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن داوە بۆیان ئەژمار دەكرێت و دەخرێتە سەر ماوەی مانەوەیان لە دەرەوەی وڵات، كە تیایدا دەخوێنن بۆ ئەم مەبەستە پێویستە داواكاری و بەڵگەنامەی فەرمی پێشكەش بە وەزارەتەكەمان بكەن.


هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو خوێندكارانەی گەڕاونەتەوە زانكۆكانیان و پڕۆسەی خوێندنیان ڕاگرتوە و بەشێوەی ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن نەداوە ئەوا لە دوای دەستپێكردنەوەی خوێندنیان ماوەی مانەوەیان لە ڕاگرتنی خوێندنیان زیاد دەكرێت بۆ ماوەی خوێندن و مۆڵەتی خوێندنەكەیان.
 


PM:03:51:13/05/2020