نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی زیاتر هەرزان دەبێت

وتەبێژی بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە هاوردەكردنی بەنزین زیاتر دەبێت و بەوەش نرخەكەی زیاتر دادەبەزێت. 

 

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی بە(ترافیك ئێف ئێم)ی ڕاگەیاند" ئێستا نرخی لیترێك بەنزینی جۆری نۆرماڵ لەشاری سلێمانی بە 450 دینارە، لیترێك بەنزینی جۆری محەسەن بە 550 دینارە، لیتریك بەنزینی جۆری سۆپەر بە 625 دینارە".

ڕاشیگەیاند" چاوەڕوانی ڕەوشەكەش دەكەن بزانن خواستەكان چۆن دەبێت، چونكە تاوەكو هاوردەكردنی زیاتربێت، پێدەچێت نرخەكان هەرزانتریش بێت، جوڵەی شەقامیش بەرێژەی 60% كەمبۆتەوە ئەوەش هۆكارێكی سەرەكیە بۆ كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەنزین".

وتەبێژی بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی وتیشی" 70%ی بەنزین لەوڵاتی ئێرانەوە هاوردەی شارەكانی هەرێم دەكرێت". 

لەبارەی كوالێتی بەنزینەكەشەوە، بەهمەن شێخ قادر ئاماژەی بەوەكردووە" ئۆكتانی بەنزینی نۆرماڵ 92، بەنزینی محەسەنیش 95، بەنزینی سۆپەریش 97، لەڕێگەی ئامێری تایبەتەوە پشكنینی بۆ دەكرێت".



PM:09:34:13/05/2020