ئومێد خۆشناو: هیچ هۆكارێك نابینین بۆ پەكخستنی پەرلەمان

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند" وەك فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنین كە هیچ هۆكارێك نییە بۆ پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان و هیچ لایەنێكیش ناتوانێت كارەكانی پەرلەمان پەكبخات".

 

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند" دەستپێشخەریەك كرابوو بۆ كۆبوونەوەی نێوان فراكسیۆنەكان، بەڵام هەر ئەو كەسانە خۆیان نەهاتنە كۆبوونەوەكەوە، سەرجەم ئەو بەڕێزانە دڵنیاییانداوە لەوەی كە هیچ لایەنێك بڕیاری بایكۆتی كاری پەرلەمانی نیە".

 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی" ئەو لایەنانە خۆیان داوایانكردبوو كە كۆبوونەوەیەك بكرێت بەبێ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێمە پێمانوابوو پێویستە بەو شێوەیە نەبێت، بەڵام هەر قبوڵمان كرد، بەڵام ئەمڕۆ داوایانكرد ئامادەكاری زیاتر بكرێت بۆ ئەوەش لە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەكە بكرێت".

 

راشیگەیاند" وەك فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنین كە هیچ هۆكارێك نییە بۆ پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان و هیچ لایەنێكیش ناتوانێت كارەكانی پەرلەمان پەكبخات، پەرلەمان دامەزراوەیەكە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات و بەری ماندوبونی خەڵكی كوردستانە و هیوادارین كەس بیر لەو كارانە نەكاتەوە".

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند" پەرلەمان كۆنابێتەوە تا بەو شێوەیەی لێنەیەت كە خواستی هەمو هێزانەیە كە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بونیان هەیە، پەرلەمان ئەو كاتە كۆدەبێتەوە كە باس لە كێشەكانی خەڵكی كوردستان بكات، ئەو كاتە كۆدەبێتەوە كە بەشكۆیەكی تایبەت و متمانەیەكی تایبەت بچێتەوە ناو پەرلەمان".

 

ئاماژەی بەوەشكرد" وەك شەخسی خۆم، بانگهێشت بۆ كۆبونەوە ناكەم تا نەگەمە ئەو بڕوایەی كە كۆبونەوەی پەرلەمان سودی هەیە بۆ خەڵكی كوردستان". 

 
 
 


 


PM:02:26:14/05/2020