شێوازێکی نوێ و شاراوەی هاوردەکردنی دووگی حەیوان ئاشکرابوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت" هێزەكانیان توانیویانە لە مەرزی باشماخ لە ناو بارهەڵگرێك دەستبگرن بەسەر بڕی چوار تەن دووگی نایاسایی".

 

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوەکراوە" به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتن و بنه‌بڕكردنی هه‌موو جۆره‌ مه‌وادێكی قه‌ده‌غه‌ده‌كراو ڕێگه‌پێنه‌دراو، و پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێگریكردن له‌ كاری نایاسایی و هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانیان ئه‌مڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٠ له‌ مه‌رزی نێو ده‌وڵه‌تی باشماخ-ی سه‌ربه‌ قه‌زای پێنجوێن ده‌ستبگرن به‌سه‌ر بڕی ٤ تۆن و ٢٤٠ كیلۆگرام دووگدا".

 

ڕاشیگەیاند" كه‌ له‌ناو بارهه‌ڵًگرێكی جۆری MAN دا له‌ ناو كارتۆنه‌ باینجان و كاڵه‌كدا حه‌شار درابوو كه‌ به‌ نیازبوون داخڵی ناو هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن، كه‌ به‌پێ بڕیار و ڕێنماییه‌كان هێنانی دووگ قه‌ده‌غه‌یه‌".

 

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت" ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌سه‌ر بارهه‌ڵگره‌كه‌دا گیراو به‌ پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گومرگ كرا بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی".

 


PM:03:58:14/05/2020