زانیاری نوێ لەبارەی ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە کۆرۆنا گیانی لەدەست دا

كاتژمێر ٣:٣٠ خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە نەخۆشخانەی سەرچناری تایبەت بە توشبوانی كۆرۆنا لە سلێمانی هاوڵاتییەكی توشبو بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

 

کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" تووشبووێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی COVID19 لە شاری سلێمانی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا کە تەمەنی ٣٧ ساڵ بوو و بەرکەوتووی برا تووشبوەکەی بوو کە کارمەندی نەخۆشخانەی ئاسایە".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە" جگە لە خۆی حەفت کەس لە خانەوادەکەی تووشی ئەو نەخۆشیە بوون و دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٥/١٥ نیشانەی نەخۆشیەکەی بەدیارکەوتووە و پێشتر ھیچ نەخۆشیەکی تری نەبووە و لە ٢٠٢٠/٥/١٩ پشکنینی بۆ کراوە و پۆزەتیڤ دەرچووە".

 

ڕاشیگەیاند" هاوڵاتییەکە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و لە ژێر چارەسەر بووە تا ٢٠٢٠/٥/٢٩باری تەندروستی تێکدەچێت و دەخرێتە سەر ئامێری ھەناسەی دەستکرد لە بەشی چاودێری چڕی هەناسەدان، ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٥/٣٠ گیانی لەدەستدا". 

بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەنجە ناوی (هاوبیر عومەر)ەو تەمەنی ۳۷ ساڵە، ناوبراو خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵ بوو.




PM:06:01:30/05/2020