یەکێتیی داوا لەلایەنگرانی دەكات ئارامی‌و ئاسایشی سلێمانی بپارێزن

مەڵبەندی (١)ی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، داوا لەسەرجەم کۆمیتەو ئەندامان‌و دۆستان‌و لایەنگرانی یەکێتیی دەکات، لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ رابگەیەنرێت لەھەموو حاڵەتێکدا پێویستە پابەندبن بەپاراستنی ئارامی‌و ئاسایشی شاری سلێمانی.

لەو بارەیەوە، زیاد جەبار، جێگری لێپرسراوی مەڵبەند، لەلێدوانێکی تایبەتدا بە"ماڵپەڕی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی"ی راگەیاند: داوا لەسەرجەم کۆمیتەو ئەندامان‌و دۆستان‌و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەین لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ١٩/٥ رابگەیەنرێت، لەھەموو حاڵەتێکدا پێویستە پابەندبن بەپاراستنی ئارامی‌و ئاسایشی شاری سلێمانی.

ناوبراو روونیشیکردەوە،"یەکێتیی ھەموو ئەنجامێکی رەسمی قبوڵە کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوبکرێتەوە، بۆیە دووبارە داوا لەسەرجەم کادر‌و ئەندام‌و لایەنگر‌و دۆستانی یەکێتیی دەکەین لەگشت حاڵەتێکدا، ئارامی شارەکەمان بپارێزن، ھەروەک چۆن لەکاتی بانگەشەدا، بەشێوەیەکی شارستانی‌و مەدەنیانە بانگەشەیان کرد، دەبێت ئەم ئەنجامەش بەھەمان شێوە قبوڵ بکەن‌و ئەگەر ئەنجامەکانیشمان باش بوون لەئایندەدا ئاھەنگ‌و خۆشیەکانمان دەردەبڕین".



PM:01:34:19/05/2014