" بڵاوبوونەوەی فراوانی کۆرۆنا لەگەرمیان بوونی هاتوچۆی بەردەوامە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغداوە "

لە کاتێکدا لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە گەرمیان هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکرا، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە چەندان حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت، بەپێی زانیاریەکانی " سپی " دەگەڕێتەوە بۆ رێگانەگرتن لە هاتوچۆی خەڵک لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەغداو نەبوونی پشکنینەوە.


لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی فراوانتر لەناوچەکانی گەرمیان بڵاوبێتەوەو لە رۆژانی داهاتوودا دۆخی ئەو ناوچانە روو لە خراپی تەواو بکات، بەپێی زانیاریەکا ی " سپی " هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەو شێوە فراوانە دەگەڕێتەوە بۆ هاتوچۆی بەردەوام و دانەخستنی بازگەکان و نەبوونی پشکنینە لە بازگەکان.


" سپی " زانیوویەتی ئەمڕۆش کۆمەڵێک پشکنین کراوە کە بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکان زۆربەیان تووشی کۆرۆنابوون و نیشانەکانیان پێوە دیار بووە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوبوونەوەی تووشبوانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەیە روو لە زیاد بوون دەکات.

 
د. هاوار هۆشیار بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی گەرمیان بە " سپی " راگەیاند " هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرکەوتنەی کە خەڵکی گەرمیان لەگەڵ خەڵکی خورماتوو و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و بەغدادا هەیانبوو، کە هەر لەسەرەتاوە دەرکەوتنی پەتاکە لەوانەوە گوازرایەوە بۆ ناوچەی گەرمیان.


بەرپرسانی تەندروستی ناوچەکە پێشبینی دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا دۆخی ئەو ناوچەیە خراپتر ببێت، لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکە زۆر بڵاوبۆتەوەو خەڵکەکەش پابەندی رێنوماییەکان نابن.

 


PM:01:59:08/06/2020