نووسەری رۆمانی (سێبەری با) کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ هەینی ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ نووسەری ڕۆمانی "سێبەری با" لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا کۆچی دوایکرد.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا، کارلۆس رویز زافۆن نووسەری ئیسپانی کە رۆمانەکانی لە پڕفرۆشترینەکانی جیهانن، ئەمڕۆ هەینی لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا و لە شاری لۆس ئانجلس لە ماڵەکەی خۆیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

 

هاوکات لای خۆشییەوە پێدرۆ سانچێ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە توویتێکدا لەبارەی کۆچی دوایی زافۆن، نووسیویەتی" ئێمە یەکێک لەو نووسەرانەمان لەدەستدا کە لە وڵاتەکەمان و جیهاندا زۆرترین خوێنەری هەبووە. کارلۆس رویز زافۆن، رۆماننووسێکی سەرەکیی سەردەمەکەمانە، بەشدارییەکی بێوێنەی هەبوو لە ئەدەبیاتی سەردەمدا".

 

کارلۆس رویز زافۆن لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەرشەلۆنە لەدایک بووە، لە سەرەتادا وەک کەسێکی سەربەخۆ بۆ هەندێک کۆمپانیای جۆراوجۆری ڕیکلام کار دەکات، پاشان لەم کارە ماندوو دەبێت و هەموو کاتەکانی خۆی بۆ نوسین و مۆسیقا تەرخان دەکات و  شانبەشانی کاری ڕۆماننووسی وەک سیناریۆنووس و ڕۆژنامەنووسیش بۆ هەردوو ڕۆژنامەی ئیسپانی (ئێل پایس، لا ڤانگورادیا) کار دەکات، هەروەها یەکەم کتێبی زافۆن بە ناوی (شازادەی تەم) ە کە لە ئەدەبی ئێستادا بە رۆمانی مێردمنداڵان دەناسێنرێت و هەر ئەو کاتە خەڵاتی ئەدەبی منداڵانی پێدەدرێت، لە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ دا بەرەو لۆس ئەنجلس دەروات و دەست دەکات بە کاری سیناریۆ نوسین بۆ هۆلیود. هاوکات خەریکی نوسینی ڕۆمانی (سێبەری با) دەبێت کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئیسپانیا چاپ و بڵاودەبێتەوە.

(سێبەری با) لە ٤٠ وڵاتی جیاواز فرۆشراوە و بۆ چەندین زمان وەرگێردراوە، وە لە دوای رۆمانی (دۆنکیشۆت)ەوە  بە پڕفرۆشترین رۆمانی ئیسپانی دادەنرێت، ئەم رۆمانە لە ساڵی ٢٠١٥ وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی بە وەرگێرانی هیوا قادر و دەزگای سەردەم چاپی کردووە.



PM:04:32:19/06/2020