لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی ١٦ بڕیاری نوێی دەرکرد

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا کۆبوونەوە و لەڕاگەیەندراویکدا چەند بڕیاریارێکی نوێی ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ شەممە بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دانانی کۆمەڵێک رێکاری نوێ، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە, لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی بەڕێزان سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بەخشیویانە بە پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە کۆی دەنگ بڕیاردرا:

1-دواکەوتنی موچە کاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر ڕەوشی تەندروستیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخێرایی موچەی موچەخۆران بەتایبەتی موچەی کەرتی تەندروستیی و هێزەکانی ناوخۆ دابەش بکات.

2-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (7/1/ 2020) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون.

3-ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، لە ڕۆژی یەکشەممە (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە بۆ ڕۆژی (٢٧/ ٦/ ٢٠٢٠)، ڕۆژی یەکشەممە (28/ 6/ 2020) دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

4-لە ڕۆژی (21/ 6/ 2020)وە هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن.

5-لە ڕۆژی(21/ 6/ 2020)وە تا ڕۆژی (7/1/ 2020)  هەموو نۆرینگە ئەهلیەکانی پزیشکی ددان دادەخرێن و لەکاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژکارییەکانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بکەن. هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

6-لە ڕۆژی (21/ 6/ 2020)وە تا ڕۆژی (7/1/ 2020) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەکان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن کاربکەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەکانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.

٧-لە ڕۆژی (21/ 6/ 2020)وە نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، جیمەکان، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکان، دادەخرێن.

8پرسەو پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.

9-گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (21/ 6/ 2020) بۆ (28/ 6/ 2020) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

10-هەر شۆفێرێکی (تەکسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

11-لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

12-هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

13-هەر بازرگانیکردنێک بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بە تاوان ئەژمار دەکرێت و قەدەغەیە، لەهەمان کاتدا داوا لەو بەڕێزانە دەکەین کە لەم پەتایە چاکبوونەتەوەو توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەک ئەرکێکی مرۆییانەی ویژدانیانەی ئەخلاقیانەی نیشتمانیانە، خوێن ببەخشنە ناوەندەکانی خوێن وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیاندنەوەی هاونیشتمانیەکانیاندا ببینن.

14-پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.

15-پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان لێپرسینەوەو ڕێکارەکان وردترو زیاترو خێراتر بکەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

16-دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.




PM:12:30:20/06/2020