بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری لە سلێمانی لەبارەی دۆخی نەخۆشەکانی کۆرۆناوە زانیاری بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری لە سلێمانی کە کراوە بە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا زانیاری ورد لەسەر دۆخی نەخۆشەکانی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە.

 
 
د.داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕۆژانە نزیکەی ۱۰۰ نەخۆش لە ٤ قاوشدا چارەسەری بۆ دەکرێ و دەڵێت "ئەمڕۆ ۱۱٥ نەخۆشی لێبوە، رۆژانە نزیکەی ۲۰ نەخۆش بەرەو باشبوونەوە دەچن و ئەیانێرینەوە بۆ تەواو کردنی چارەسەرەکەیان لە ماڵەوە، یان لە ئوتێلە تەرخانکراوەکان".


هەروەها دەشڵێت " ڕۆژانە نزیکەی ۱۰ نەخۆش پلازمایان بۆ دەنوسین، بەشی زۆر لەو نەخۆشانە پلازمایان دەست ئەکەوێ، بەشێکیشیان ئێمە هاوکاریان دەکەین".


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت " ڕۆژانە نزیکەی ٥ نەخۆش باری تەندروستیان تێک دەچێ و، پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دەبێ و، بەپێی هەبوونی جێگا ئەیانێرین بۆ نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ".


لەبارەی گیان لەدەستدانەوە، لەو نەخۆشخانەیە، د. داهات حەوێزی دەڵێت " ڕۆژانە چەند حاڵەتێکی کەمی مردن لە جمهوری تۆمار دەکرێ".


ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ ئەوان، وەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەیخاتەڕوو، "زۆرێک لەو نەخۆشانەی پلازما وەرئەگرن سوودی زۆری لێ دەبینن و، دوای دوو سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەریان دەکەین، ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوودەکەنە بانکی خوێن بۆ پێدانی پلازما و ڕۆژانە زۆرێک لەو نەخۆشانەی کە ۱٤ ڕۆژ بەسەر چاکبونەوەیان تێپەڕیوە خۆیان دەچن بۆ بەخشینی پلازما".

 
د. داهات حەوێزی ئاشکرای دەکات، لە سبەینێوە دەستدەکەن بە بەکار‌هێنانی دەرمانێکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی بەرگری لەو کەسانەی تووشی هەوکردنی سەختی سیەکان بوون".


نەخۆشخانەی جمهوری لە سلێمانی کە بەم دوایانە تەرخانکرا بۆ نەخۆشەکانی کۆرۆنا، زۆرێک لە نەخۆشەکانی کۆرۆنا بە سووک و مام ناوەندی دەگرێتە خۆی، ئەگەر دۆخی زۆر خراپبێت دەگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ( شەهید ئاسۆ) .

 


PM:04:09:30/06/2020