ژوری ئۆپه‌راسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین ژمارەیەك بڕیاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا دەركرد

ئەمڕۆ شەممە، ژوورى ئۆپەراسیۆنى ئیدارەى راپەرین بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆبوونەوەیەکى تایبەتى بۆ  گرتنەبەرى رێکارى رێگری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دا و تیایدا بڕیاریدا:

یەکەم / ئەم هەفتەیەش تا رۆژى ( 10 / 7 / 2020 ) پشووى سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و دامودەزگاحکومیەکان درێژ دەکرێتەوە و رۆژى شەممە رێکەوتى ( 11 / 7 ) دەوام دەست پێدەکاتەوە.

دووەم / ئەم پشووە دەزگا ئەمنییەکان و تەندروستى و خەفارەتى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە و  هەر بەردەوام دەبن، هەروەها گەنجینە و بانک و ئەو فەرمانگەیەش کە وەزارەتى دارایی خشتەى موچەکەى رادەگەیەنێ رۆژى مووچە وەرگرتنیان.

سێیەم / جارێکیتر سپاسى بەدەنگەوە هاتنى بەرپرسیارانەى مامۆستایانى ئایینى سنوورەکەمان دەکەین کە بەوپەڕى هەست کردن بە مەسئولیەتى خۆشەویستیی و سەلامەتیی هاووڵاتیان ئەنجامدانى نوێژى هەینیان راگرت.

چوارەم / سەبارەت بە کلینک و نۆڕینگە پزیشکییەکان، بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستی راپەرین بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەرۆکى یەکەکارگێڕییەکان و ئاسایش و پۆلیس مولزەمە بە سەپاندنى جێبەجێ کردنى سەرجەم رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بە سەر هەموو کلینک و نۆرینگە پزیشکییەکاندا و هەرچى پابەندیش نەبێت ئەوا اجرائاتى پێویستى بەرامبەر دەکرێت.

پێنجەم / سپاسى بەدەنگەوە هاتن و پەرۆشیی سەرجەم هاوڵاتییان و چین و توێژە جیاجیاکانى خەڵکى سنوورەکەمان دەکەین کە بەگیانى خۆپارێزى و کۆپارێزیی ئەم ماوەیە هاوکارمان بوون و بە هیممەت و پاڵپشتى بێدرێغى ئەوان و پشتیوانى خواى گەورە ئەم دۆخە ترسناکەش تێدەپەڕێنین و هەموومان جەژنى سەرکەوتنى یەکجارەکیی ووڵاتێکى ئاوەدان و تەبا دەگێڕین.

PM:07:20:04/07/2020