د. ئاراس برادۆستی: ژمارەی مردن و تووشبووانی كۆرۆنا زۆر زیاترە لەوەی وەزارەت رایدەگەیەنێت

پزیشک و میدیاکاری ناسراو، د. ئاراس برادۆستی، دەڵێت " ژمارەی مردن و تووشبووانی كۆرۆنا زۆر زیاترە لەوەی وەزارەت رایاندەگەیەنێت".

 
 لەنووسینێکدا بەناونیشانی " کوردستان.. هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە رۆژێکدا!" د. ئاراس برادۆستی نووسیوویەتی" ئەو داتایانەی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت سەبارەت بە کۆرۆنا راستەقینە نین، ئەمە نەک لەبەرئەوەی وەزارەتی تەندروستی نەیەوێت راستییەکان بە خەڵک بڵێت، بەڵکو لەبەرئەوەی پابەندە بە هەندێک بنەمای رێکخراوی تەندروستی جیهانی و پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەڵام دەرهاوێشتەکانی ئەو پابەندبوونە دەبنە هۆی هەڵسەنگاندنی هەڵەی دۆخەکە و ئاراستەی کارەکان دەگۆڕێت".

 
دەقی نووسینەکە..

 
کوردستان.. هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە رۆژێکدا!


ئێستا دۆخەکە وایە کە هەمووان بەدوای هەواڵێکی خۆشەوەن، هەر کەسێک هەواڵی خۆشی پێبێت خۆشەویست دەبێت، هەندێک کەس و لایەن ئەم راستییەیان دەزانی بۆیە ماوەیەک کەوتنە بازرگانیکردنی سیاسی بە بابەتەکە، بەڵام هەر زوو بۆیان دەرکەوت دۆخەکە لەوە خراپترە و خۆشبەختانە دەستیان لەو یارییە هەڵگرت کە خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی دەکردە قوربانی.


ئەوەی ئێستا پێتانیدەڵێم هەواڵێکی ناخۆشە، بەڵام ناچارم بیڵێم و بە ئەمانەتێکی زانستی و مرۆیی گرنگی دەزانم، نابێت ئێمە خەریکی دروستکردنی گەشبینیی درۆینە و کاتی بین، دەبێت شتێک بکەین لە کۆتاییدا دڵخۆش و سەرکەوتووبین نەک لە نیوەی رێگەدا دڵخۆشییەکی کورتخایەنمان هەبێت و لەکۆتایی رێگەکەشدا بکەوین.


ئەو داتایانەی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت سەبارەت بە کۆرۆنا راستەقینە نین، ئەمە نەک لەبەرئەوەی وەزارەتی تەندروستی نەیەوێت راستییەکان بە خەڵک بڵێت، بەڵکو لەبەرئەوەی پابەندە بە هەندێک بنەمای رێکخراوی تەندروستی جیهانی و پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەڵام دەرهاوێشتەکانی ئەو پابەندبوونە دەبنە هۆی هەڵسەنگاندنی هەڵەی دۆخەکە و ئاراستەی کارەکان دەگۆڕێت.


هەر کاتێک بینیت داتا فەرمییەکان دەڵێن 250 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکران، بزانە کە ژمارە راستەقینەکە سەروو 1000 تووشبووە، ئەوەی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت تەنیا ئەو کەسانەن کە لە رێگەی PCR دەستنیشاندەکرێن، داتا راستەقینەکە بەمشێوەیە دەخەمڵێندرێت:


- 250 تووشبوو لەڕێگەی PCR دەستنیشانکراون "داتای فەرمیی وەزارەت"
- نزیکەی 400 بۆ 500 تووشبوو لە رێگەی سیتی سکانەوە دەستنیشانکراون کە بەمشێوەیە دابەشدەبن:


سلێمانی
350 بۆ 400 کەس "بەپێی لێدوانی فەرمی تەندروستیی سلێمانی"


هەولێر
75 بۆ 100 کەس "پزیشکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە دەستنیشانیاندەکەن، بەڵام نە رادەگەیێنرێت و نە دەچنە نەخۆشخانەکانە حکومییەکانیش"


ئەوانەی لەڕێگەی سیتی سکانەوە لە سلێمانی لەلایەن کەرتی تەندروستییەوە دەستنیشاندەکرێن ناخرێنە نیو داتا فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە، لە هەولێریش کەرتی گشتی ناتوانێت پشت بە سیتی سکان ببەستێت لە دەستنیشانکردنی سەرەتایی نەخۆشییەکە، واتە ئەگەر کەسێک هەموو نیشانەکانی هەبن و سیتی سکانەکەشی هاوار بکات کە کۆرۆنایە، بەڵام PCRی بۆ نەکرابێت یان نێگەتیڤ بێت، دەڵێن کۆرۆنای نییە! ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی 30%ی ئەوانەی ئەنجامی پشکنینەکانیان لە PCR نێگەتیڤە هەڵەی ئامێرەکەیە و لە بنەڕەتدا ڤایرۆسەکەیان هەیە، ئەم داتا هەڵانە کاریگەریی خراپی بەسەر خەمڵاندن و هەڵسەنگاندنە زانستییەکانەوە دەبێت.


- نزیکەی 200 بۆ 300 تووشبوو تەنیا بە نیشانە دەستنیشاندەکرێن و دەنێردرێنەوە ماڵەوە بۆ چارەسەر "بەپێی لێدوانی فەرمی تەندروستیی سلێمانی". ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرەی کە تووشبوون و هیچ نیشانەیەکیان نییە، یان تووشبوون و نیشانەشیان هەیە، بەڵام لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن.


ئەمەی سەرەوە لەسەر ژمارەی مردنیش جێبەجێدەبێت، ژمارەی راستەقینەی مردووانیش بەرزترە لەوەی رادەگەییندرێت، سلێمانی ئێستا لە دۆخێکە کە ژمارەی بەلاوە گرنگ نییە، هەولێریش پشت بە سیتی سکان نابەستێت، تووشبووی کۆرۆنا بشمرێت مادەم PCRی نییە نە چارەسەری کۆرۆنای دەدرێتێ و نە تۆماریش دەکرێت، بەڵام دکتۆر دلۆڤان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر لە دیبەیتێکدا لە رووداو گوتی ئێستا پلانیان هەیە ئەو تووشبووانە لە قاوشێکدا جێگەبکەنەوە تاوەکو بە PCR دڵنیادەبنەوە لە تووشبوونیان.


ئەم لێکدانەوەیە بۆئەوە نییە بترسین، بۆ دەرخستنی راستییەکە کە دەبێت هەمووان بیزانن، ئیدی کاتی گەڕان بەدوای وشەی جوان و گەشبینیی درۆینە نییە، کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەیە کە ئەگەر باش بیناسین و باش و دروست مامەڵەی لەگەڵ بکەین، سەردەکەوین بەسەریدا، بەڵام ئەگەر خەریکی سیاسەتکردن و خۆهەڵخەلەتاندن بین زاڵ دەبێت بەسەرماندا و خۆشەویستانمان لێ دەستێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من دڵنیام قۆناخی کۆرۆناش تێدەپەڕێت و دەبێتە بەشێک لە مێژوو، بەڵام گرنگە بە کەمترین قوربانییەوە لێیدەربچین.


بەڵام ئەوەتان لەبیر بێت، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا هەر چەند بێت نابێت بترسین، بەڵکو دەبێت خۆمان بپارێزین، خۆپاراستن لە کۆرۆنا باشترین چەکی دژی ڤایرۆسەکەیە.


د. ئاراس برادۆستی

 


PM:11:25:11/07/2020