سه‌رۆكی هه‌رێم واژووی سێ پۆستی باڵای وەزارەتی ناوخۆ دەکات
" یەکێتیش یەک پلە تایبەتیشی بە سلێمانی رەوا نەبینی"

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی واژووی لەسەری سێ پۆستی پلە باڵای وەزارەتی ناوخۆ کرد، دوانیان پارتی و یەکێکیان یەکێتی، سەرچاوەیەکیش رایگەیاند" یەکێتی هیچ پلەیەکی تایبەتی لەو وەزارەتە بە خەڵکی سلێمانی رەوا نەبینیووە".




سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ‌١٢ ی تەموز فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دانانی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ و ڕه‌گه‌زنامه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.

 

 
لە راگەیاندنی سەرۆکی هەرێم دا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونی، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، پاش ئیمزاكردنی فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ لیوای پۆلیس تارق ئه‌حمه‌د ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان ( پارتی )، لیوای پۆلیس عه‌بدولقادر عه‌زیز ئیبراهیم ( یەکێتی، هەولێر ) ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان و لیوای پۆلیس هێرش ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕه‌گه‌زنامه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ( پارتی ) دەرچوو".

 

 
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بە ( سپی ) راگەیاند" لە دابەشکردنی پۆستی پلە تایبەتەکان لە وەزارەتی ناوخۆ یەکێتی تەنها پۆستێکیشی بە سلێمانی رەوا نەبینی ".
ئەو سەرچاوەیە زانیاری زیاتری خستەڕوو وتی " لە کابینەی پێشوودا بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆ، لیوا رزگار عەلی دانیشتووی سلێمانی بوون، هەروەها لیوا حەمە سەحید محەمەد راوێژکاری سەربازی دانیشتووی سلێمانی بوو، بەڵام ئێستا لەو پلە تایبەتانە هیچ بەرپرسێکی سلێمانی تێدا نەماوە، بریکاری وەزیری ناوخۆ لیوا چەتۆ ساڵح، خەڵکی کەرکوکە، هەروەها هەڵۆ قەرەناوی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ کەرکوکیە، نەوزاد حەمید بەڕێوەبەری گشتی پشکنینی کارگێڕی دانیشتووی گەرمیانە، ئەمە جگە لە کوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان خەڵکی( کۆیە )یە.

 

 



PM:03:21:12/07/2020