دەستەی دەروازە سنوریەکانی عێراق داوای بەستنەوەی دەروازە سنوریەکانی هەرێم بە ناوەندەوە دەکاتەوە

ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراق داوای بەستنەوەی دەروازە سنوریەکانی هەرێم دەکات بە ناوەندەوە، دوێنێش وەزیری ناوخۆی عێراق بەسەردانێک گەیشتە هەولێر و بەپێی هەندێک زانیاری یەکێک لە پرسەکان کێشەی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بووە.

 
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات كه‌ "پێشنیارێك ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی باڵا كراوه‌ بۆ پابه‌ندكردنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌بڕیاری ژماره‌ ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ ەوە بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراقه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی ڕێوشوێنه‌ گومرگییه‌كان."  


ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی هەولێری کردو بەجیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوەوە، هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن یەکێک لەو پرسانەی لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێم باس کراون پرسی رێککەوتن و رادەستکردنەوەی دەروازە سنوریەکانی هەرێمە.

 
هەر دوێنیش چەند ناوەندنێکی کوردی بەرپرس لەبەغداوە لە ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی نەوەی نوێ ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە دوای جەژن حکومەتی بەغدا مانگانە برێ ٣٠٠  تا ٤٠٠ ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێم بەرامبەر رادەستکردنەوەی سەرجەم دەروازە سنوریەکان و پێدانی ٥٠% داهاتی ئەو دەروازانە بە پارێزگاکانی هەرێم.

 
تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی حکومەتی هەرێم و هەردوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان لەسەر رادەستکردنەوەی دەروازە سنوریەکانی هەرێم نا دیارە.
لە دوو مانگی رابردوودا بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق و ئێران لەلایەن هێزە حکومیەکانەوە کۆنترۆڵکرانەوەو لە میلیشیا چەکدارەکان سەندرانەوە.




AM:10:06:30/07/2020