"لە دوو هەفتەى داهاتوودا دۆخى کۆرۆنا لە هەولێر خراپتر دەبێت"

بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر باری تەندروستی ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان ناجێگیرە و دکتۆر و کارمەندانی کەرتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن چونکە بارودۆخەکە خراپە و ڕۆژانە حاڵەتی ناجێگیر تۆمار دەکرێن.

دکتۆر عیماد ئەحمەد سەرۆکی پزیشکانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" پێشتر لە مانگێکدا سێ تەن ئوکسجینی شل بەکاردەهێنرا بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە سێ تەن بەکاردەهێنین، نەخۆش زۆرە و حاڵەتەکان ناجێگیرن، ڕێژەی مردن بەراورد بە وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو زۆر باشترە بەردەوام دکتۆر و کارمەندەکان لەناو نەخۆشخانەن لای نەخۆشەکان بەڵام کۆنتڕۆڵ ناکرێت، کۆنتڕۆڵی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بە کەس نەکراوە لە جیهاندا بەڵام ئەوەی ئێمە کردوومانە هەست ناکەین لە شوێنی تر کرابێت هەموو جیهازمان دابینکردووە، نەخۆشخانەی رزگاری هەموو قاتەکانی بوونەتە عینایە، زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە دێن ناجێگیرن و حاڵەت زۆر زۆرە و لە دوو هەفتەی داهاتوو هەست دەکەین خراپتر دەبێت لەبەر ئەوەی دەگاتە پیکەکەی ئەوەی گرتی و ئەوەی لێ رزگاربوو". 

سەرۆکی پزیشکانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری وتیشی" وەزیری تەندروستی زۆر هاواری دەکرد و بەڕیوەبەری تەندروستی و ئێمە هەر قسەمان دەکرد کەس باوەری بە ئێمە نەبوو پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی دەیانوت کۆرۆنا راست نیە و سیاسیە و بابەتی موچەیە تا وایلێهات، تەنها لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات 50 کارمەند و دکتۆر تووشی کۆرۆنا بوونە و لە رزگاریش تا 40 کارمەند و دکتۆر تووش بوونە و زۆر خەڵکیش هەیە لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە دەکەن".

دکتۆر عیماد ئەحمەد سەرۆکی پزیشکانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری ڕاشیگەیاند" ڕێژەی 18%ى دانیشتوانی ناو سەنتەری شاری هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، زۆربەی دکتۆرەکانیش تووش دەبن و گرنگی بە تەندروستی خۆیان نادەن، ئەوانەی لەناو تەندروستی کاردەکەن زۆربەیان تووش بوون، ئێمە دەزانین بارودۆخەکە چەندە ناجێگیرە و بارودۆخی نەخۆشەکانمان چەند خراپە".

AM:12:01:07/08/2020