دادگای سلێمانی فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ هاوسەرەكەی سێوان قادر دەركرد و بە بكوژی سێوان و سێ منداڵەكەی لەقەڵەم دا.
ئهمڕۆ سێشهممە ١١ى ئابی ٢٠٢٠ بنار عادل نارد، پارێزهرى دۆسیهى سێوان قادر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٥یەمین دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا دادوهر بڕیاریدا سزاى له سێدارهدان بۆ هاوسهرى سێوان قادر و منداڵەکانی بدات به ماددهى ٤٠٦ فهقهرهى یهك زال".
هەروەها کەسوکاری سێوان قادر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا داوایان لەبەرپرسانی هەرێم کرد سزای لە سێدارەدانەکە جێبەجێبکرێت و دوانەخرێت.
جێگەی ئاماژەیە، شەوی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە روداوێكی ئاگركەوتنەوەدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دوای هەفتەیەك مانەوەش لە نەخۆشخانە، دایكی ئەو منداڵانە بە ناوی سێوان قادر بەهۆی سەختی سوتانەكەیەوە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی سلێمانی گیانی لەدەستدا.
هاوکات لە دووەم دانیشتنی دادگادا دادوەر وتەی لەخوشک و برا و دایک و باوکی سێوان قادر وەرگرت و جەختیان لە هەمان ئەو قسانە کردەوە کە لە دانیستنی یەکەمیی دادگاییەکەدا کردبوویان، باوکی سێوان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند" تا ئێستا دادگا کارەکانی بە باشی بەڕێوەبردووە و هیوادارن تۆمەتبار بە سزای یاسایی خۆی بگات".