هەولێر.. کچێکی تەمەن ١٠ ساڵە لەلایەن شەش خزمیەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر

کچێکی تەمەن ١٠ ساڵانی دانیشتووی سنووری هەولێر، لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە لەلایەن شەش خزمی خۆیەوە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتەسەر. 


بەرنامەی " بەرپرسیاری " کەناڵی رووداو پەردە لەسەر کەیسێک ئاشکرا دەکات کە کچێکی تەمەن ٨ ساڵە دان بەوەدا دەنێت کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەرو، دەڵێت "ژیانم کراوەتە دۆزەخ". باوکیشی دەڵێت "تازە بەوە دەزانم و نازانم هانا بۆکێ ببەم و چ بکەم؟".



(ی. س) ناوی ئەو کچە منداڵەیە، کە دوو ساڵە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتەسەر و ئێستا تەمەنی ١٠ ساڵە. بەوتەی باوکی منداڵەکە لەمێژە هەڵسوکەوتی گۆڕاوەو "هەموو رۆژێک ئاهی سارد هەڵدەکێشێت و ناخی پڕە لە رق". 

 
هەروەها باوکی کچەکە سەبارەت بە کەیسی منداڵەکەی رایگەیاند، لە رۆژی 15ی ئایاری ئەمساڵەوە زانیویەتی کچەکەی دەستدرێژی دەکرێتەسەر و دەڵێ "لەلایەن چەند خزمێکی نزیکی خۆشم کراوە". 

 
بە وتەی باوکی کچەکە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، یەکێکیان زاوایەتی و مێردی خوشکیەتی، دوو کوڕی پووری خۆی و کوڕە پوور و ئامۆزایەکی دایکی بوون، لەگەڵ کەسێکی دیکەی گوندەکە و تاوەکو ئێستاش لە گوندەکەدا ماون.

 
باوکی (ی) جگە لە بیرکردنەوە لەو تاوانەی بەرامبەر کچەکەی کراوە، بەردەوام ئەو پرسیارەش لەخۆی دەکات: بۆچی وایان لە کچەکەی کردووە؟ لەبەرامبەر چی؟. 
باوکی کچەکە چەند جارێک جەختیکردەوە، "تکا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بەدەم داواکارییەکەمەوە بچن و نەهێڵن کەیسی کچەکەم بە لاڕێدا ببرێت". 

 
ئەلمێرا ئەحمەد، لە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان پارێزەری دۆسیەی کچەکەیە (ی.س). ڕایگەیاند، ئەوان مافی منداڵەکەیان لا گرنگە و "دەشبێت مافی منداڵەکە بسەندرێتەوە". بەڵام پارێزەرەکەش هەمان قسەی باوکی منداڵەکە دەکات و دەڵێت "تاوەکو ئێستا دادگا هەر دۆسیەکە دوادەخات و ئێمەش نازانین هۆکارەکەی چییە".


پارێزەرەکەش ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە لەلایەن شەش کەسی خێزانەکەیەوە کە هەر لە گوندەکەی ئەودا دەژین دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر منداڵەکە. دەشڵێت "هەموو دەستدرێژییەکان لەڕێگەی کۆمەوە کراوە".

 
چیرۆکی دەستدرێژییەکان لە زاری کچە 10 ساڵانەکەوە ئەو کچەی دەستدرێژییەکانی کراوەتەسەر قوتابییە و لەدایکبووی ساڵی 2010ـەیە، خۆی باسی رووداوەکان دەکات و دەڵێت "رێکەوتی رووداوەکانم لەبیر نییە، بەڵام یەکەمجار کە دەستدرێژیم کرایەسەر چووم بۆ دووکانی کاک (س) شت بکڕم، دواتر کەسێک بەناوی (ب) دەستدرێژی کردەسەرم، هەرچەندە هاوارمکرد، بەڵام دەستی لەسەر دەمم دانا و دواتر ئازادی کردم."

 
ئەو کچە بەردەوام بوو لە قسەکردن و سەبارەت بەوەی چەندجارێکی دیکە لە چەند شوێنێکی جیاواز دەستدرێژی کراوەتەسەر و دەڵێت "کەسێکی دیکە بەناوی (ب) منی بردە لای خانوویەکی تەواونەکراو و لەوێ هێرشی کردەسەرم و دەستدرێژی کردەسەرم."

 
لە رووداوەکانی دیکەشدا وەک خۆی باسی دەکات، کەسێکی دیکە بەناوی (ر) دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر و چەند جارێک بە هەڕەشە لە سەربانی ماڵەکەیان و لەنێو حەمام دەسدرێژی سێکسی کردووەتەسەر.

 
باوکی ئەو کچە داوا دەکات تۆمەتبارانی رووداوەکە چ سزایەک دەیانگرێتەوە بەسەریاندا بسەپێندرێت و بەزووترین کات دەستگیربکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. هەرچەندە باوکی دەڵێت "دادگا زۆر بێدەنگە بەرامبەر کەیسەکە و داوادەکەین بەزووترین کات تۆمەتباران دەستگیربکرێن".

 
توانا بورهان جاف، پارێزەر لەبارەی ئەو دۆسیەوە ڕایگەیاند "سەبارەت بەو کردەوەیەی روویداوە لەلایەن دەستدرێژی کارانەوە، لە پاش کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆسیەکە، لە دەسەڵاتی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەیە دیارکردنی ماددەی یاسایی، بەڵام ئەم کردەوەیە بەپێی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە تاوانەکانی لادان لە رەوشت و ئاکارە گشتییەکان هەژمارکراوە لە رووی یاساییەوە".

 
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەدات "ئەم کردەوەیەی بەرامبەر کچەکەکراوە، دەکەوێتەوە ژێر رکێفی ماددەی 393 (تاوانی بەزۆرکاری جووتبوون)، هەردوو بڕگەکانی (1و2/ ا.ب.ز)ی لەسەر جێبەجێدەکرێت. کە سزاکەی دەگاتە 15 ساڵ زیندانی. چونکە ئەم تاوانە بە بارودۆخی سزاتوندکار هەژماردەکرێت. چونکە تاوانلێکراو تەمەنی 18 ساڵ کەمترە و تۆمەتباران لە خزمی تاوانلێکراون."

 
هەروەها ئەو پارێزەرە راشیدەگەیێنێت، تۆمەتبەران لە دوو کەس زیاترن و هاوبەش بوون لە ئەنجامدانی تاوانەکە. بەپێی ماددەکانی 47 و 48 و 49 لە هەمان یاسای ناوبراو وەکو هاوبەش لە تاوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.




PM:06:35:21/09/2020