واده‌ی گەیشتنی ٣٢٠ ملیار دیناره‌كه‌ی بەغداد بۆ هەرێم ئاشکراکرا

هەر چەندە زیاتر لە ٣٠ رۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی ئەمساڵدا تێدەپەرێت وابریارە سبەینێ پێنج شەممە حكومەتی عێراق ئەو بڕ پارەیە ڕەوانەی هەرێم بكات كە وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەری ڕێككەوتوون.

 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، بڕیارە رۆژی سبەینێ ٢٤ی ئەیلول لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، ٣٢٠ ملیار دینارەکەی ھەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت.

 

هاوكات، هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان شەوی ڕابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەفتەی داهاتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی نوێی مووچە ڕادەگەیەنێت. حكومەت داهاتی ئامادەكردووە و ئەوەی عیراقیش دێت". 

 

دوو مانگ پێش ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شووبات بەلێبڕینی ٢١% و جەختیشی كردەوە، كە بۆ یەك مانگ دەبێت، بەڵام دواتر حكومەت پەشیمان بووە و مووچەی مانگی سێشی هەر بەو لێبڕینەوە دابەش كرد.

جێی باسە، بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان لێبرینی مووچه‌ تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ به‌ رێژه‌ی ٢١% به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌ره‌ڕای ناردنی ٣٢٠ ملیار دیناری مانگانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقەوە. 

AM:10:38:23/09/2020