پژاک ناسنامەی دوو گەریلا و وڵاتپارێزێکی ئاشکراکرد کە لە موکریان شەهید بوون

یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (پژاک) ناسنامەی بەرپرسێكی حزبەكە و گەریلایەك و دۆستێكیانی ئاشکرا کرد کە لە سنووری مەهاباد شەهید بوون. 

پارتی ژیانی ئازاد باڵی پەکەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشکرای دەکات کە" دوو گەریلا بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز، ئەندامی مه‌جلیسی پژاک و ئارام ئاویەر و هەروەها وڵاتپارێزێک بە ناوی خدر بایەزیدی رۆژی ١٥ی مانگی رابردوو لە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەرێمی موکریان شەهیدبوون".

 

دەقی راگەیەندراوەکەی مەجلیسی پژاک لەژێر ناوی "رۆڵی پێشەنگایەتی گەریلاکانمان جێگای هیوا و ورەبەخشی گەلە"

 

رۆژی ١٥. ٩. ٢٠٢٠ گروپێک لە هەڤاڵمان لە هەرێمی مەهاباد کە سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی و بەڕێوەبردنی خەبات بوون، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و لەو ڕووداوەدا بەداخەوە دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز و ئارام ئاویەر و هەروەها وڵاتپارێزێک بە ناوی خدر بایەزیدی شەهید دەکەون.

جێگای ئاماژەیە بە درێژایی ئەمساڵ هێزەکانی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی تەشەنەدان و بەرفراوانکردنەوەی سیاسەتی بەسەربازیی کردنن و بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان وەرگەڕاندووەتە پادگانێک (بنکەیەک)ی سەربازی و بە بەردەوامی هێرش دەبنە سەر کۆمەڵانی خەڵک و هەموو سیاسەتەکانی دەوڵەت و دەسەڵات، سپێردراوەتە سوپای پاسداران و ڕوانگەی ئەمنییەتی بۆ کوردستان لە لووتکە دایە، هەرچەند کۆماری ئیسلامی بەو چەشنە هەوڵدانێتی کە هەموو دەرەتانەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمان لەناو بەرێت، بەڵام گەلەکەمان فداییانە لە مەیدانی تێکۆشاندایە و بە هەموو هێزەوە پێداگرە لە سەر رێبازی ئازادی و گەیشتن بە ئامانجەکانی، هەڵبەت لەم ناوەدا رۆڵی پێشەنگایەتی گریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە جێگای هێوا و ورەبەخشی و بە پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون و تێکۆشانی گەریلا بووەتە تانە و چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی، هەوڵدانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هێڕشی بەردەوام بۆ سەر گەریلاکانمان، دابڕینی پێوەندی نێوان پێشەنگایەتی کۆمەڵگا واتە گەریلا و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەم لە بواری سەربازی و هەم بە شەڕێکی ڕاگەیاندنی و تایبەت دەیهەوێت ئەو ئامانجە بپێکی، بەڵام بەپێداگریی و تێکۆشانی بێ‌پسانەوەی گریلا و پشتیوانی و یارمەتیدانی گەلەکەمان هەتا سەرکەوتن درێژە بە خەباتمان دەدەین.

هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە ئەنجامی ئەو بۆسەیەدا دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی ‘جەنگاوەر باهۆز‌ ئەندامی مه‌جلیسی پژاک خەڵکی گوندی ‘کانێ‌ ڕەشی‌ سەربە شاری بۆکان و ‘ئارام ئاویەر‌ خەڵکی شاری ‘سنە‌ دەگەنە پلەی شەهادەت، هەروەها هاوڕێی وڵاتپارێز کاک ‘خدر بایەزیدی‌ خەڵکی گوندی ‘بەرەجۆ‌ لە هەمان بۆسەدا شەهید دەبێت، بەو بۆنەیەوە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەرسێ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و کەس‌وکار و دوستانیان و خەڵکی شارەکانی بۆکان و سنە و هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. بەڵێنی درێژەپێدانی ڕێگا و ڕێبازی پیرۆزیان هەتا گەیشتن بە سەرکەوتن و وەدەست‌خستنی ئامانجە پڕشەنگدارەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

هەڤاڵمان جەنگاوەر باهۆز ئەندامی مه‌جلیسی پژاک ماوەی ١٧ ساڵ بێ‌پسانەوە و ماندوونەناسانە لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندا بووە و هەر لە یەکەم ساتەکانی ژیانی گریلایەتیەوە بەوپەڕی بەرپرسیاری و لەخۆبووردوویی لە ناو خەباتدا جێگای گرتووە، شوێن پەنجەی خەبات و کرداری شۆڕشگێڕانەی لە زۆر شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیارە، هەڤاڵ جەنگاوەر لە سەنگەرە جیاوازەکانی تێکۆشاندا بە بەردەوامی هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان بووە و چ لە شاخ و چ لە زیندانەکانی کۆماری سێدارەدا نموونەیەکی ڕاستەقینەی بەرخۆدانە، هەرگێز لە ئاست دڕندەیی و ئەشکەنجەی جەللادانی ڕژیم ملکەچ نەبوو و زیندان و سیاچاڵکانی کردە سەنگەری بەربەرەکانی و خۆڕاگری لەهەمبەر داگیرکاری، ئەو ڕەوتی تێکۆشانە کەسایەتێکی خۆشەویست و جێگای متمانەی لێی دروستکرد کە لەناو هەڤاڵان و زیندانیانی سیاسی کورد و گەلانی دیکەی ئێراندا پێگەی تایبەتی پێدابوو، کەسایەتێکی یەکجار دڵنزم و رۆح‌سووک و خزمەتکاری هەبوو، هەموو تەمەنی شۆڕشگێڕی هەڵگری بەرپرسیارێتی و ئەرکە جیاوازەکانی کرد و خۆی لە هیچ ئەرکێک نەبوارد و هەبوونی لەناو هەڤاڵاندا هێمنی و ئارامی لەگەڵ خۆی دەهێنا، لە ئاست دوژمن بەردەوام بە هەڵوێست و خاوەن ڕقێکی ئەستوور بوو، خۆشەویستی گەلەکەی بەردەوام لە دڵیدا چڵی دەدا، کەسێکی بە ورە و چاونەترس و پێشەنگ کە پڕ بوو لە داخوازی تێکۆشان، عاشقێکی ڕاستەقینەی نیشتمان و ئازادی کە بێ‌گومان ناکرێت لە چەند ڕستەدا باسی کەسایەتی بکەین.

هەڤاڵ ئارام ئاویەر، کە بە وریایی و نەترسی دەناسرا کەسایەتێکی فیداکار و خۆبەخش بوو، تەمەنێکی درێژی لە خەباتی مەدەنی و گەریلایەتی و ئەزموون لە پاش خۆی بۆ بەجێ‌ هێشتین، یەکێک بوو لە یادگارەکانی سێی ڕەشەمەی سنە و سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵات و بەرخۆدێرێکی زیندان، مرۆڤێکی ڕێکخەر و خەڵک دۆست و ڕووخۆش کە جێگای لە دڵی هەڤاڵانیدا دەکردەوە، هەڤاڵی ساتە دژوارەکان و هەورازە سەختەکانی گریلایی بوو، ئەزموون و لێهاتوویی لەبواری سەربازیدا پاڵپشتێکی مەزن بوو بۆ هەڤاڵان و ترسی بەردەوام بۆ دوژمن. لە بڕیارداری و پێشەنگایەتیدا نموونەی کادرێکی ئاپۆیی پێوەدیار بوو، ئەخلاق و ڕوشتێکی ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕی لە کەسایەتی خۆیدا بونیاد نابوو، هەتا دوا ساتی تێکۆشانی بەردەوام لە گەشە و هەڵداندا خەباتی کرد.

بێ‌گومان ئەرکی وڵاتپارێزی و نیشتمان‌دوستی ئەرکی هەرکەسێکە و فەرهەنگی بەرزی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات، لەوبوارەدا لەبەر چاوە، هاوڕێی وڵاتپارێزمان کاک خدر بایەزیدی وەک نموونەیەکی بەرزی وڵاتپاریزی و تێکۆشان لە هەمبەری داگیرکاری فەداکارانە و بەرپرسانە ئەرکی پشتیوانی و یارمەتیدانی بۆ گەڵ و شۆڕشگێڕەکانی پێکهێنا و لەو قۆناغەدا خەتی تێکۆشانی گەلەکەمانی ڕووناک‌تر کردەوە، هەبوونی کەسایەتی ئاوەها پێداگرترمان دەکات لە خەباتدا و ورەمان پێدەبەخشی، گەلەکەمان دەبێت وەک نرخێکی کۆمەڵایەتی بەرز چاوی لێبکا و بە هەموو جۆرێک خاوەن لێیدەرکەوێت.

لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرخۆشی و دووبارە‌کردنەوەی بەڵێن و پەیمانمان بۆ بەردەوامی رێبازی شەهیدان لە هەموو گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازین کە خاوەن لە خەتی خۆڕاگری و بەرخۆدان دەرکەون و ریزەکانی یەکگرتوویی و تێکۆشان تۆکمەتر بکەن. رێگای تێکۆشانی شەهیدان پڕ رێبوار و گەشەدار بێت.

ناسنامەی شەهیدان:

کۆدی رێکخستنی:  جەنگاوەر باهۆز

ناو و پاشناو: هادی ئەمینی

ناوی دایک: مەنیج

ناوی باوک: حەسەن

کات و شوێنی لەدایک‌بوون: ١٣٦٣ی هەتاوی – گوندی کانێ‌رەشی سەر بە شاری بۆکان

کاتی بەشداربوون: ٢٠٠٣ی هەتاوی

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٥. ٩. ٢٠٢٠  هەرێمی مۆکریان



PM:12:21:17/10/2020