شەوی رابردوو سێ گەنجی دانیشتووی گوندی شەوگێڕی ناوچەی شێخبزێنی سەر بە ناحیەی شوانی کەرکوک بۆ راوە گورگ لە ماڵ دەردەچن، بەڵام لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە دەستڕێژیان لێکراوە و دواتریش لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا سوتێنراون.
ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی ناوی کوژراوەکانی بڵاویکردۆتەوە کە ئارام مستەفا محەمەد لەدایکبووی ١٩٨٨ و ئەرێز مستەفا محەمەد لەدایکبووی ١٩٩٤ و پێشەوا عەبدورەحمان محەمەد لەدایکبووی ١٩٩٧. لەبارەی پیشەی ئەو کەسانەوە، ئارام مستەفا پیشەی پێشمەرگەیە و دوو کەسەکەی دیکەش کاسبن.
هەروەها هاتووە " ئەو گەنجانە بە مەبەستی راوە گورگ لە ماڵ دەرچوون و لە سەرووی گوندی توڵکی هەرسێکیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا (پیکاب قەزافی) سووتاون".
ئاماژەی بەوەش کراوە، بەپێی ئەو قەوانانەی لە شوێنی رووداوەکەدان، پێش سوتانیان بە چەکی ئێمفۆڕ و کڵاشینکۆف تەقەیان لێکراوە و دواتر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا سوتێنراون. هاوکات، شوێنەواری گوللـە بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە هەیە.
دەشڵێت، بەجۆرێک سوتێنراون کە تەرمەکانیان نەناسراوەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، مۆبایلی دوو کەسیان لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەکەیاندا شکێنراون و فڕێدراون.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی بەرپرس بە فەڕمی لێدوانی لەبارەی کوژرانی ئەو سێ گەنجەوە نەداوە.