سێ په‌رله‌مانتاری گۆڕان: مۆدێلێکى نوێی گەندەڵى سەری هەڵداوە

سێ پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنن" بارتەقای ٨٠٠ مامۆستا و فەرمانبەری زانکۆ زەوی دراوە بە یەک کۆمپانیا و بەناوی چین و توێژەکانەوە، مۆدێلێکی نوێ لە گەندەڵی سەریهەڵداوە". 

 

هەریەک لە دابان محەمەد، ئاشنا عەبدوڵا و جەلال محەمەد پەرلەمانتارانى بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە باسیان لەوەکردوە" ئەمڕۆ نزیکەى ٤٧٠ مامۆستا و فەرمانبەرى زانکۆ لە سلێمانى، خۆپیشاندانیان کرد، لەکاتێکدا لەو زانکۆیەى ئەوان خزمەتى تێدا دەکەن، بەرپرسانی زانکۆ بە هاوکارى دەستەى وەربەرهێنان ٨٤ دۆنم زەوى لە کەمپى نوێى زانکۆکەیان، بەناوى قەرەبوەوە داوە بە کۆمپانیایەک بەناوى دایک! ئەگەر بێت و ئەم زەوییە دابەشبکرێت، زیاتر لە ٨٠٠ مامۆستا و فەرمانبەر سودمەند دەبن".

 

ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەناوی چین و توێژ و پیشە جیاوازەکانەوە، مۆدێلێکی نوێی گەندەڵی و بەهەدەردان و داگیرکاری زەوی و زار دەستی پێکردوە، کە لە بنەڕەتەوە چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراون و دەڵاڵێکی نزیک لە بەرپرسێکی حکومەت سەروکاری دەکات.

 

سێ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى گۆڕان ده‌شڵێن" پشتیوانى لە مامۆستایان و فەمانبەرانى زانکۆ دەکەین بۆ گەیشتن بە داواکارى و خواستەکانیان، هەمو چین و توێژێک مافى سودمەندبونى هەیە، لە زەوى و سەروەت و سامانى ئەم هەرێمە، بەڵام بەم ڕێگا و ڕێکارە نایاسایى و نادادیەى ئێستا هەیە، مۆدێلێکى نوێى گەندەڵى و بەهەدەردانە، بەناوى چین و توێژە جیاوازەکانەوە دەکرێت، پێویستە سەندیکا و نوینەرایەتی چین و توێژ و پیشە جیاوازەکانیش، وشیار و ئاگاداربن، بەناویانەوە بازرگانی نەکرێت". 




PM:11:23:19/10/2020