ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە رۆژئاوای کوردستان روو لە هەڵکشانە

بەپێی نوێترین ئاماری خۆسەری رۆژئاوا ژمارەی تووشبووان و مردوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەڵکشاندایە، تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٥٣ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە. 

 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان لە راگەیەنراوێکدا نوێترین ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنای بڵاویکردەوە، بەپێی ئامارەکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٥٣ توشبووی نوێ لە ناوچەکانی باکووری سوریا تۆمارکراون. 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی خۆسەری ئەوەشی خستوەتەڕوو: تائێستا هەشت کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە شەش کەسیان لە رەگەزی نێرن و دوو کەسی دیکەیان لە رەگەزی مێن.

 

بەگشتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سێ هەزارو ٣٢٥ کەس تووشی نەخۆشی و پەتای کۆرۆنا بوون و ١٠٣ کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لە دەستداوە، هاوکات ٦٤٦ نەخۆش لە نەخۆشخانە ماون و چارەسەر وەردەگرن.



PM:01:51:21/10/2020