ئایا ئەو کەسەی لە بەرازیل گیانی لە دەستدا ڤاکسینەکەی وەرگرتووە؟

ئەمڕۆ وەک میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، یەکێک لەو کەسانەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی لەسەر کرابوو، گیانی لە دەستدا، رۆژنامەنووسێکی کورد کە لەسەرەتای کۆرۆنا زانیاری لەسەر کۆرۆنا کۆدەکاتەوە، زانیاری ورد و پێچەوانە لەسەر ئەو رووداوە بڵاودەکاتەوە.


ئاوات عەلی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی نالیا کە لە وڵاتی سوید دەژی و سەرقاڵی خوێندنە لە نووسینێکدا نووسیوویەتی " ئایا ئەو کەسەی لە بەرازیل گیانی لەدەستدا ڤاکسینەکەی وەرگرتبوو؟!"، ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت " لە قۆناغی سێهەم و کۆتایی هەر ڤاکسینێکدا کە لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە!  بەشداربووان دەکرێن بە دوو بەشەوە، بۆ نمونە ١٠٠ هەزار کەس بەشداری دەکەن وەک خۆبەخش! ٥٠ هەزاریان ڤاکسینەکەیان لێدەدرێت و ٥٠ کەی تر ئەوەی لێیان دەدرێت ڤاکسین نییە، ئاو، یان پێکهاتەیەکی ترە! بەڵام هەر ١٠٠ هەزار خۆبەخشەکە و ئەوانەشی کە ڤاکسینەکەیان لێ دەدەن و سەرپەرشتی دەکەن نازانن کە کام گروپیان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و، کام گروپیان پێکهاتەکەی تریان وەرگرتووە. هەموو ڤاکسینێک لە قۆناغی سێهەمدا بەمشێوەیە تاقیدەکرێتەوە".

 
لە درێژەی نووسینەکەیدا، ئاوات عەلی دەڵێت " بەپێی قسەی کۆمپانیا بەریتانییەکە ئەو بەشداربووەی تاقیکردنەوەکە کە لە بەرازیل گیانی لەدەستداوە لەو گروپە بووە کە ڤاکسینیان پێ نەدراوە! دەڵێن گەر لە گروپی ڤاکسین پێدراوەکان بوایە دەستبەجێ تاقیکردنەوەکان ڕادەگیران".

 
هەروەها ئاشکرای دەکات " تاقیکردنەوەکان بەردەوامن و ٩٨٪ کارەکان تەواوبوون و بەم نزیکانە ڤاکسین بەردەست دەبێت، بەتایبەت بۆ ئەو گروپانەی مەترسیان لەسەرە و لە هێڵی پێشەوەی شەڕەکەدان".

 


AM:12:56:22/10/2020