"باسكردنی نەوت بێ‌ ئاشكراكردنی داهاته‌که‌ی لە 2007ه‌وه‌ كەموكوڕیە"

سەرۆكی مونتەدای ئابوری رایگەیاند "دەبێت سەرۆكی حكومەت هەرچی پرۆسەی نەوتە كە لەكوردستان كراوە بیخاتە بەردەم پەرلەمان، ئەگەر ئەو كارە نەكات ئەوا ئەو زانیاریانە كەموڕییەكی گەورەی تێدا دەبێت".
پسپۆری ئابوری‌و سەرۆكی مونتەدای ئابوری فەیسەڵ عەلی لەلێدوانێكیدا بۆ سپی میدیا لەسەر كۆبوونەوەی ئەمرۆی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەردوو لیژنەی سامانە سروشتییەكان‌و لیژنەی دارایی‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، وتی" دەبێـت سەرجەم پرۆسەی نەوت بخرێتە بەردەم پەرلەمان، چ ئەو داهاتەی لە گرێبەستەكاندا وەرگیراوە، چ ئەو داهاتانەی لەكۆمپانیاكان وەرگیراوە، چ داهاتی ئەو نەوتەی بەرێگای جیاواز جیاواز بۆ ئێران‌و توركیا رۆشتووە‌و فرۆشراوە، دەبێت سەرۆكی حكومەت هەموو ئەمانە ئاشكرا بكات".
لەسەر ئەگەری ئاشكرانەكردنی هەموو ئەو داهاتانە‌و كورتكردنەوەی پرۆسەی ناردنەدەرەوەی نەوت بۆ ئەم دوو مانگە لەرێگای بۆریەوە بۆ بەندەری جیهانی توركیا‌و فرۆشتنی گوژمی یەكەمی ئەو نەوتە، فەیسەڵ عەلی وتی" ئەگەر هەر ئەمە ئاشكرا بكات قسەكردنەكە زۆر ناتەواو‌و پرَ كەموكوڕی دەبێت".
فەیسەل عەلی دەڵێت" لە ساڵی 2007ەوە‌و یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە لەو كاتەوە دەبێـت هەژماربكرێـت لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و چیان كردووە‌و چ داهاتێك هەیە بخرێتە بەردەم پەرلەمان.
لەخولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەكان، ئاشتی هەورامی لەو كۆبوونەوەیەدا وتی" داهاتی نەوت 4 ملیار دۆلارە".دواتر پاش ماوەیەك پاشگەزبوەوە لەو لێدوانەی.



AM:10:31:04/06/2014