ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئاڕاستەی کونسوڵخانەی فەرەنسا کرد

ئەمڕۆ دوو شەممە شاندێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گەیاندنی یاداشتێکی نیگەرانیی و بە نوێنەرایەتی شەقامی مسوڵمانی کوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری فەرەنسایان کرد و لەگەڵیان کۆبوونەوە.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە" فەرەنسا لە ڕابردوودا هەندێ بڕیار و سیاسەت و هەنگاوی، بە بەرژەوەندی میللەتی ئێمە و پاراستنی بووە لە دەستی ڕژێمی بەعس و ئەمە جێگەی پێزانینە و گەلی ئێمەش بە سیفەتی وەفاداری ناسراوە بۆ ئەوانەی چاکەیان لەگەڵ کردووە، بەڵام وەک میلڵەتێکی مسوڵمانیش نیگەرانین کە وڵاتێکی زلهێزی خاوەن مێژوویەکی دێرین، بەبێ گوێدانە پیرۆزییەکانمان و ڕێزگرتن لە هەستی مسوڵمانان، بەوجۆرە سوکایەتی بە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی بکات".

 

عەبدولستار مەجید باسی لەوەشکردوە، ئێمەی مسوڵمان ئیسلام فێری کردووین کە لەبەرامبەر خراپەی خەڵکدا، کاردانەوەی خراپمان نەبێ و خراپە بە خراپە وەڵام نەدەینەوە (و إذا خاطبهم الجاهلون قالوا سلاما).

 

وتیشی" دڵنیابن ئەوان پێغەمبەری ئێمە ناناسن بۆیە بەو ئوسلوبە ناشیرینە تەعبیری لێ دەکەن، ئەگەر بیناسن و لە کەسایەتی و ڕەوشتی بەرزی ڕابمێنن دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە دەستبردن بۆ زاتێکی گەورە و بەڕێزی وەک موحەممەد پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، هەڵەیەکی گەورەیە و لێی پەشیمان دەبنەوە، بەرگریکردنیش لە ئیسلام و کەسایەتی بەرزی پێغەمبەر، بە هەمان ڕەوشتی بەرزی پێغەمبەرانە دەبێت، نەک بە جنێودان و قسەی نەشیاو کە نە لە ئیسلامدا جێی دەبێتەوە نە خوا و پێغەمبەرەکەی پێی ڕازین".



PM:03:23:26/10/2020