کەجەکە: مەسعود بارزانی نیەتی خۆی بۆ شەڕ راگەیاندووە، بەڵام خۆمان دوور دەگرین لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەک



( کەجەکە ) لەسەر لێدوانەکەی مەسعود بارزانی سەبارەت بە جووڵاندنی هێز بۆ هەرێمەکانی گەریلا، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "بارزانی نیەتی خۆی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوان خۆیان بەدوور دەگرن لە هەرجۆرە ڕووبەڕوو بوونەوەیەک".

 
لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوسەرۆکاتی کۆنسەری بەڕێوبەری کۆماجڤاکێن کوردستان – کەجەکە وەڵامی پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەداتەوەو دەڵێت " ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ پەدەکە و بەڕێوەبەرانی باشوری کوردستاندا نییە، ئەوان پەیوەندییەکانی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورک و هەڵوێستە دژبەرەکانیان لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادی کوردستان ڕەخنە کردووە".

 
لە وەڵامی بانگەشەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کە وتبووی لە کاتی شەڕی داعشدا پەکەکە هەندێک هەرێمی داگیرکردووە، کەجەکە دەڵێت: “گەریلا شەنگالی لە دەست هیچ هێزێکی دیکە دەرنەهێناوە بەڵکو و لەدەستی داعش ڕزگاری کرد، بەو شێوازە پەدەکەمان لە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵکوژی گەورەتر لەسەر ئێزدییەکان ڕزگار کرد، ئەم دەستێوەردانەی گەریلا لەهەمووان زیاتر شەرەفی پەدەکەی پاراست، لە پاش ڕێفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ش گەریلا هەتا دوایی کەرکوکی پاراست و هەرە دوایی گەریلا لە کەرکوک کشایەوە”.



هاوسەرۆکاتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هاتووە " مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەستیان بە جووڵەی هێز کردووە بۆ سەر ئەو هەرێمانەی گەریلای لێیە کە ئەمەش بە ڕوونی نیەتی شەڕخوازی مەسعود بارزانی لەدژی پەکەکە ئاشکرا دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە بۆسەی ڕەخساندنی دەرفەتێکی لەبارن بۆ دەستپێکردنی شەڕ بەڵام ئەوان خۆیان لە هەرجۆرە ڕووبەڕوو بوونەوەیەک بەدوور دەگرن".

 




PM:04:19:04/11/2020