وەزیری دارایی عێراق کاتی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند دابەشکردنی مووچە پەیوەندی بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرزەوە هەیەو دەڵێت " ئەگەر پەرلەمانی عێراق لە کۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتودا پڕۆژەیاسای قەرز پەسەندبکات، کۆتایی هەفتەی داهاتو دەستبەدابەشکردنی موچەی مانگی تشرینی یەکەم دەکرێت".


عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بە تۆڕی هەواڵی عێراق (واع) ی راگەیاندوە، "لەکۆتایی هەفتەی داهاتودا دەتوانین دەستبەدابەشکردنی موچە بکەین، ئەگەر پەرلەمانی عێراق لە کۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتودا پڕۆژەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی پەسەند بکات".


وەزیری دارایی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "بەڵێنی دەدەین ئەگەر پەرلەمانی عێراق پڕۆژەی قەرزی ناوخۆیی  و دەرەکی پەسەندبکات، دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران دوبارە نابێتەوە".


بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و یەکێک لە بڕگە سەرەکیەکانی کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی دووەمە بۆ پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی و، دواتریش دەکرێت لە کۆبونەوەی رۆژی دوشەممەی داهاتودا خوێنەوەی سێیەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بکرێت کە حکومەت پێشنیاری کردووە رێگای بدرێت بڕی ٤١ ترلیۆن دینار بەمەبەستی دابینکردنی مووچە قەرزبکات.
 


PM:05:02:04/11/2020