عیماد ئەحمەد: بایدن پێیوتین ئەگەر کورد كەركوك دەكاتە پایتەختی كوردستان، ئەمەریکا پشتیوانیتان لێ ناكات



عیماد ئەحمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نهێنییەكی نێوان كورد و جۆبایدن ئاشكرادەكات و دەڵێت " پێیوتین تا ئەو شوێنەی سیاسەتی عەقڵانیتان هەبێت پشتگیریتان لێدەکەین، خۆ ئەگەر کورد كەركوك دەكاتە پایتەختی كوردستان، ئەوا لەمە ئەمریكا پشتیوانیتان لێ ناكات و لەگەڵتان نابێت".

 


عیماد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی باسی کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی دەکات لە ساڵی ٢٠٠٢ دا ئەو دەمەی ئەمەریکا لە بەرنامەیدا بوو کە رژێمی سەدام بروخێنێت،  دەڵێت " ساڵی 2002 بایدن پێی وتین، ئەمریكا پشتیوانی سەرڕاستی كورد دەبێت كە خاوەن سیاسەتێكی عەقڵانی و مەنتەقی بێت".

 


عیماد ئەحمەد لە وتارێكدا بە ناونیشانی (ساڵی ٢٠٠٢ بایدن چی پێ وتین و ئێستا چۆن مامەڵە ئەكات؟) نوسیویەتی،"هەڵبژاردنی جۆ بایدن بەسەرۆكی ئەمریكا یادەوەریەكی بەر لە روخاندنی رژێمی سەدامی  بیرخستمەوە، لەمیانەی ئامادەكاری بۆ لێدانی رژێمی ئەوسای عیراق، لەرۆژی 7/12/2002 لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین وەكو وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، لەگەڵ جۆ بایدن كۆبوینەوە، كەئەوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كۆنگرێس بوو."

 

 
ئەو دەڵێت "وەفدی یەكێتی بەسەرۆكایەتی كاك بەرهەم و بەندەش بەشداربوو، وەفدی پارتی بەسەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بوو، لەكۆتایی كۆبونەوەكە و باسوخواسەكان، من پرسیارێكم لە بایدن كرد، لێم پرسی لە شۆڕشی ئەیلولەوە تا ساڵی 1975 بەگەرمی پشتیوانیتان لە كورد كرد، بەڵام دوایی لەبەر خاتری رژێمی ئەوكاتی ئێران پشتتان لە ئێمەكرد، ئەی ئێستا ئەمریكا تاكوێ پشتیوانی لەكورد دەكات، ئایا ئەم جارەش لەبەر خاتری توركیا پشتمان تێناكات؟ توركیا ئەو كات هەندێ مەرجی هەبوو بۆ بەشداری كردن لە پرۆسەی روخاندنی رژێمی بەعس."

 

 
عیماد ئەحمەد نووسیویەتی " بایدن زۆر بەراشكاوی وەڵامی داوەتەوە و پێی وتوە،"ئەمریكا نكوڵی لە رەوایی مەسەلەی كورد ناكات، تا ئەو شوێنە پشتیوانی سەرڕاستی كورد دەبێت كە خاوەن سیاسەتێكی عەقڵانی و مەنتەقی بێت، بایدن وتی: خۆ ئەگەر کورد كەركوك دەكاتە پایتەختی كوردستان، ئەوا لەمە ئەمریكا پشتیوانیتان لێ ناكات و لەگەڵتان نابێت" بۆیە بایدن ئەو نمونەیەی هێنایەوە چونكە وەک یەكێتی و پاراتی، دوای رێكەوتنی واشنتۆن،  پرۆژی دەستورێكمان ئامادەكردبوو، لەوێدا كەركوك وەكو پایتەختی كوردستان دانرابوو. 



ناوبراو دەڵێت "بیرمە دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە كاك نێچیرڤان پێیوتم دەستخۆش، پرسیارێكی زۆر گرنگت كردو وەڵامێكی رونیشمان وەرگرتەوە."

 

 
نوسیویەتی،"سەرۆك بایدن كۆتایی مانگی یەكی  ساڵی داهاتوو بەرەسمی وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاردەبێت، دڵنیام شارەزایی و ئەزمونێكی زۆری سەبارەت بەعیراق و كوردستان بەگشتی هەیە، بەڵام ئاخۆ لەم پۆستە گرنگەدا هەمان بۆچوونی هەیە و سەركردایەتی سیاسی كوردیش ئێستا بەروونی سیاسەتی خۆی  گونجاندوە لەگەڵ عەقڵ و مەنتقدا..!؟"

 


AM:12:29:11/11/2020