شاری پزیشکی فاروق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

شاری پزیشکی فاروق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پەیجێکی سێبەر هەستاوە بە بڵاو کردنەوەی پۆستێکی پڕ لە زانیاری هەڵە دەربارەی شاری پزیشکیی فاروق، گوایە نەخۆشێك پاراسیتۆڵێکی بە ٦٥ هەزار دینار کڕیوە و فەحسی خۆێنیشی بە ۸٠٠ دۆلار بۆکراوە و پێویستیشی پێی نەبووە.

 

 لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئێمە وەک ئیدارەی نەخۆشخانەکە ئەم هەواڵە ناڕاستە بە تەواوی رەتدەکینەوە و هیچ زانییارییەکی لەو جۆرەش کە شوناسەکەی دیارنییە کێیە لە نەخۆشخانەکەماندا تۆمار نەکراوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

 

بڵاوکراوەی ڕۆژنامەوانیی شاری پزیشکیی فاروق
بەرواری بڵاوکردنەوە: 2020/11/19

راگەیاندنێک لە شاری پزیشکیی فاروقەوە بۆ رای گشتی دەربارەی ئەو هەواڵە ساختانەی بڵاوکراونەتەوە

پەیجێکی سێبەر هەستاوە بە بڵاو کردنەوەی پۆستێکی پڕ لە زانیاری هەڵە دەربارەی شاری پزیشکیی فاروق، گوایە نەخۆشێك پاراسیتۆڵێکی بە ٦٥ هەزار دینار کڕیوە و فەحسی خۆێنیشی بە ۸٠٠ دۆلار بۆکراوە و پێویستیشی پێی نەبووە.
ئێمە وەک ئیدارەی نەخۆشخانەکە ئەم هەواڵە ناڕاستە بە تەواوی رەتدەکینەوە و هیچ زانییارییەکی لەو جۆرەش کە شوناسەکەی دیارنییە کێیە لە نەخۆشخانەکەماندا تۆمار نەکراوە! ئێمە پێمانوایە بڵاو کردنەوەی زانیاری هەڵە لەسەر دیاردەیەکی نەخوازراو و خراپ، لە خودی دیاردە دزێوەکە مەترسیدارتر و ژەهراویترە، وادەکات مرۆڤ باوەڕ بەبوونی ئەو کردارە خراپانە نەکات کە ڕۆژانە بە بەرچاوییەوە دەکرێت وراستییەکان بەلاڕێدا بەرێت تا لەبیری خەڵک بچنەوە، بۆیە ئەم جۆرە زانییارییە دروستکراوانە، ئەوەندەی خزمەت بە دیاردە خراپ و دزێوەکان دەکات، بە هیچ جۆرێک لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێکی پاک و خزمەتکاری هاوڵاتییاندا نییە. 
شاری پزیشکیی فاروق لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا و بەردەوامیش بەو پەڕی کوالیتی بەرز و بەکارهێنانی بەرزترین جۆری تەکنەلۆژیای پزیشکیی وپاشان بە سوود وەگرتن لە توانای باشترینەکانی پزیشکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و هەروەها پێشکەشکردنی ئاستی خزمەتگوزای بەردەوامە لە کارەکانی بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی. ئامادەشین لە ڕێگەی ئەو ئەزموونەی کە نەخۆشەکانمان لە شاری پزیشکیی فاروق هەیانە، گوێ لە ڕاو سەرنج و گلەییەکانیان بگرین تا ئەوە ئاستەی لەبەرژەوەندی هەموولایەنەکان بێ و پێداچوونەوە لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانمان بگەیەنینە ئاستی چاوەڕوانی ئەوان کە ئەگەر کەمتەرخەمییەک لای ئێمەوە هەبوبێت. ئەمە جگەلەوەی کە نەخۆشخانەکەمان داشکاندنی زۆری بۆ کەیسە زۆر قورسەکان کردەو وچەندین جاریش بێبەرامبەر حاڵەتی نەخۆشی زۆر دەگمەن چارەسەرکراوە، هەر وەک سەرچاوەیەکیش دەتوانن لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکەکەمان بەم زانیاریانەی ئێمەدا بچنەوە.
هیوادارین هەموولایەک تەندروست باش بن و کەس پێویستی بە نەخۆشخانە نەبێت. چیتر هاوڵاتیانیش باوەڕ بەو هەواڵانە نەکەن کەسەرچاوەکانیان نادیارە و راسپێردراون بۆ کارێکی نابەجێ، ئەویش بە داتاشینی هەواڵی ساختەی وەک ئەوەی لەسەر ئێمە کردوویانە. 

شاری پزیشکیی فاروق لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی فاروق -ەوە لە شاری سلێمانی و لە ساڵی ٢٠١٤ بە ڕووی هاوڵاتیاندا کرایەوە کە بەشێوەیەکی ستراتیژی و بە بەکارهێنانی بەرزترین پێوانە و کواڵێتی لەسەر پێوەرێکی تایبەتمەندی گەورە دروست کراوە و کە ڕێگا دەدات ژمارەیەکی زۆری نەخۆش وەربگرین، و لە ژینگەیەکیی پیشەگەر و پێشکەوتوودا خزمەتیان بکەین بە شیوازێک کە گرنگترین بایەخ بۆ سەلامەتی و ئاسوودەیی نەخۆش بێت. شاری پزیشکیی فاروق ٢١٠ جێگای نەخۆش و نزیکەی ١٩٠ پزیشکیی بە ئەزمون و خاوەن بڕوانامەی باڵا لە خۆ دەگرێت و خزمەت گوزاری پزیشکیی بۆ سەرجەم دانیشتوانی عێراق ناوچەکە دابین دەکات.

شاری پزیشکیی فاروق، چاودێری پزیشکیی بێوێنە



PM:09:03:19/11/2020