پەرلەمانتارێک: هه‌ڕه‌شه‌ی دورخستنه‌وه‌ی كازمی ده‌کرێت ئه‌گه‌ر ٣٢٠ ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێم بنێرێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" دوێنێ شەممە پرسیاری ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەی لە بەشێک لەپەرلەمانتارانی غەیرە کورد کردوە لەلیژنەی دارایی و لەوەڵامدا رایانگەیاندوە، ئەگەر کازمی ئەو پارەیە بنێرێت بانگهێشتی دەکەن و متمانەی لێوەردەگرنەوە". 

 

به‌ختیار شاوه‌یس ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌نوسینێكدا كه‌ له‌هه‌ژماری خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فەیسببوک بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت" دە ڕۆژە یاسای قەرز تێپەڕیوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەهەولێر پاڵیان لێداوەتەوە، خەریکی نائومێدکردنی زیاتری خەڵکن بە دەینێرێ و ناینێرێ".

ده‌شڵێت" دوێنێ لە پەرلەمانی عیراق لەگەڵ پەرلەمانتارێکی غەیرە کورد لەلیژنەی دارایی گفتوگۆمان دەکرد، پرسیم ڕاستە کازمی یەک جار ٣٢٠ ملیار بۆ هه‌رێم دەنێرێ؟ لەوەڵامدا وتی ئەگەر وابکات کازمی دەهێنینە سەر ئەو مەنەصەیە (دەستی ڕاکێشا بۆ شوێنی دانیشتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەناو هۆڵی پەرلەمان) پاشان ڕاستەوخۆ دوریده‌خه‌ینه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی".

به‌ختیار شاوه‌یس داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت" وەرن چارەسەری کێشەی خەڵک بکەن، واز لەچەواشەکاری بێنن، بۆ تەنها جارێکیش نەوت تەسلیم بکەن  و ئەم کارتەش تاقیبکەنەوە، کارتی تورکیا سوتاوەو خەڵکیشتان پێ سوتاندوە".



PM:03:46:22/11/2020