ئەنجومەنی باڵای یەکێتی لە بارەی سڕکردنی مەلا بەختیارەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند

‌وێنە: هاوژین شەریف

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ لە سلێمانی سازکرا، ئەنجومەبی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی، لە بارەی سزادانی مەلا بەختیار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی،بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.


لەو راگەیاندنەدا کە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە هاتووە " ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی،بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس".


راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ك)



سەرلەبەیانی 3/12/2020 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامەدەبونی تەواوی ئەندامەكانی، لەم دۆخەدا ئەنجومەنی باڵایسیاسی كۆبوەوە، ئەنجومەنی باڵا پێیوایە كوردستان بە دۆخێكی ئابوری و سیاسی دژواردا تێدەپەڕێت، دابیننەكردنی بژێوی زۆرینە بەتەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوە
. شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنەو ئاراستەی جیاواز هاتونەتە خرۆش. بۆیەئەنجومەنی باڵا لەهەر هەلومەرجێكی رابردوو جیاوازتر، داوادەكات خێرا، حكومەتی كوردستان، سیاسەتی ئابوری و دارایی خۆی، چ بەدانوستان لەگەڵ بەغدا و چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات.

 
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و كوردستانیش، لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی چارەنوسسازدایە، لە بەرامبەر داخوازی رەوای خەڵكدا، پێویستەبڕیارو بەرنامەكانی داكۆكیكردن بێت لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و موچەی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە گوتاری یەكگرتوە،بەپێی پرۆژەیەكی چارەسەری راستەقینە، لەپێشەوەی چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایی. چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایش لەكوردستان، مەحاڵە بەبێ ریشەكێشكردنی دیاردەی گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستان، چ لەناو حكومەت و چ لەناو حیزبەكان.

 
ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی،بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.


ئەنجومەنی باڵای سیاسی و
بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان




PM:03:47:03/12/2020