لێدوانی سەیری وەزیرێك سەبارەت بە لاقەكردن

لەنوێترین لێدوانی مشتومڕئامێزی سیاسەتەمەداران سەبارەت بە لاقەكردن و لەگەرمەی هەڵگیرسانی شەپۆلێكی نوێی توڕەیی لەبەرامبەر هێرشی دژی ژنان، وەزیرێكی سەربە پارتی فەرمانڕەوای هندستان رایگەیاند، لاقەكردن "بەڕێكەوت" رودەدات.
درەنگانی شەوی رابردوو رامسیڤاك پایكرا وەزیری ناوخۆی ویلایەتی چهاتیسگاره لەناوەڕاستی وڵات، رایگەیاند كە لاقەكردنەكان بەمەبەست رونادەن.
پایكرا كە سەربە پارتی بەهاراتیا جاناتایە كە لەسەر ئاستی نیشتمانی حوكمی وڵات دەكات، سەبارەت بە لاقەكردن لەوڵاتەكەی بە رۆژنامەنوسانی وت: "ئەم روداوانە بەمەبەست رونادەن. ئەم جۆرە روداوانە بەڕێكەوت رودەدەن".
ئەم لێدوانە سەیرە پاش چەند رۆژێك لەلێدوانێكی وەزیری ناوخۆی هەرێمی مادیا پرادیش دێت كە ئەمیش لەلایەن بەهاراتیا جاناتەوە حوكمدەكرێت، كە تێیدا وتبوی لاقەكردنەكان "هەندێجار راستن و هەندێجار هەڵەن". پێنجشەمەی رابردوو هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی توڕەیی و بێزاری لەدژی زیادبونی بەكۆمەڵ كوشتن و لاقەكردنی كچانی تەمەن 12 و 14 ساڵ لەویلایەتە ئوتار پرادیش كە دەكەوێتە باكوری وڵات، بابولال گاور ئەو لێدوانەی دا، ئەمەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەلایەن خۆیەوە تائێستا ناریندرا مۆدی سەرۆك وەزیرانی وڵات كە پارتەكەی بەزۆرینەی بەرچاو سەركەوتنی لەهەڵبژاردنە گشتییەكەی رابردوو بەدەستهێنا، سەبارەت بەلاقەكردن بێدەنگەو كۆمێنتی سەبارەت بە لێدوانی ئەو سیاسەتەمەدرانە نەداوە.


لەئینگلیزییەوە: والی شێخ عەلی
سەرچاوە: abc.net.au



PM:01:45:09/06/2014