سەبارەت بە كێشەكانی هەولێر و بەغدا سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌

هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەکەی حكومەتی عیراق سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیامێك بڵاودەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن" كە درێژەبدرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان".

 

هەر سێ‌ سەرۆكایەتی كۆمار و پەڕلەمان و حكومەتی عیراق كۆبوونەوە و لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ڕایدەگەیەنن" عیراق بەدۆخێكی تایبەتدا گوزەر دەكات و پاڵپشتی خۆیان بۆ دیالۆگی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم دوپاتكردووەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەجۆرێك ببێتە هۆی چارەسەركردنی دادگەرانە بەپێی دەستوور".

 

هه‌روه‌ها لە کۆبوونەوەکەدا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ گفتوگۆیه‌كی سه‌رتاسه‌ریی نیشتمانی كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژینگه‌یه‌كی سیاسی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی گونجاو بۆ ئه‌نجاندانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌ختی پاك و بێگه‌رد بڕه‌خسێنێت.

 

به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ پشتیوانییان بۆ رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت پیشاندا كه‌ بۆ چاكسازیی ئابووری له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵیی ٢٠٢١ دا گرتویه‌تیه‌به‌ر به‌جۆرێك كه‌ چاره‌سه‌ره‌كان بۆ پته‌وكردنی ئابووریی وڵات بێت.



PM:05:25:08/12/2020