وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێكی نوێی دەركرد

وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت" نزیکەی (731) خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە زانکۆکانى هەرێمی كوردستان وەرگیران". 

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەى چەند ساڵێکە وەزارەتەکەمان لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارئاسانى تەواوى کردوە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەى لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم.

 

ئەوەش هاتووە، بۆ ئەم ساڵى خوێندنى (2020-2021) وەزارەتەکەمان بڕیاریداوە لەسەر وەرگرتنى سەرجەم خوێندکارانى شارى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى (2020-2021).

 

بەپێى هەردو فەرمانی وەزاری ژمارە (14171) و (14172)، كە لە ڕێكەوتی (9/12/2020) بە ئیمزای خالید شوانی وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بەوەكالەت دەرچوە و، ئاراستەی زانكۆكان كراوە سەرجەم خوازیاران کە ژمارەیان نزیکەی (٧٣١) خوێندکارە وەرگیراون.

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیش بۆ ئەو مەبەستە، ئاگادارى پێشکەشکاران دەکات سەردانى نوسینگەى کەرکوک-ى وەزارەت بکەن بۆ ڕێوشوێنەکانى چۆنیەتى دەستپێکردنى مامەڵەى وەرگرتن. 



PM:01:37:11/12/2020