لەتیف مستەفا: لەکوێی دنیا ھەیە مووچە و کرێی کار نەدەی بەخاوەنەکەی و ڕێگاشی لێبگری داوای مافی ژیانی بکات

کەسایەتییەکی سیاسی سەربەخۆ ڕایدەگەیەنێت، نازانم  لەکوێی دنیا ھەیە مووچە و کرێی کار نەدەی بەخاوەنەکەی و ڕێگاشی لێبگری داوای مافی ژیانی بکات؟، دەشڵێت" ئەگەر سەرپێچی یاسا یان تاوانیان کردوە، دەبێ بەگوێرەی یاسا مامڵەیان لەگەل بکرێ، دەبوایە بدرانایە بەدادوەر و بێ فەرمانی دادوەر نە دەسگیر بکرانایە نە ڕابگیرانایە". 

 

لەتیف مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان و کەساییەتی سیاسی سەربەخۆ لە نوسینێکیدا بەناونیشانی (دووپێوانەی لە جێبەجێ کردنی یاسا) ئاماژەی بەوەکردووە" دەسەڵاتداران دەڵێن خۆپیشاندەران و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندەران سەرپێچی یاسایان کردوەو مۆڵەتیان وەرنەگرتوە بۆ خۆپیشاندان بۆیە دەستگیر کراون، نازانم  لەکوێی دنیا ھەیە مووچە و کرێی کار نەدەی بەخاوەنەکەی و ڕێگاشی لێبگری داوای مافی ژیانی بکات؟". 

 

ڕاشیگەیاندووە" سەرەڕای ئەوە ئەگەر واشی دانێین سەرپێچی یاسا یان تاوانیان کردوە ، دەبێ بەگوێرەی یاسا مامڵەیان لەگەل بکرێ، دەبوایە بدرانایە بەدادوەر و بێ فەرمانی دادوەر نە دەسگیر بکرانایە نە ڕابگیرانایە ، جۆری تاوانەکەیان بەگوێرەی مادەی ١٠ لە یاسای خۆپیشاندانەکان ژمارە ١١ ساڵی ٢٠١٠ ی پەرلەمانی خۆیان مخالەفە واتە سەرپێچیەو سزاکەی دیاری کراوە بە یەک مانگ زیاتر نەبێ ، واتە بچوک ترین جۆری تاوانە ، ئەم جۆرە تاوانە بەگوێرەی یاسا راگرتن تێیدا رێپێدراو نێیە ئیلا لەحاڵەتێکدا نەبێ کە تاوانبار شوێنی نیشتەجێبوونی نەبێ یان شوێنی نیشتەجێبونی دیار نەبێ لەکاتێکدا ئەوانەکەسی ناسراوو بەرێزی کۆمەلگان، بخرانایە بەردەستی دادوەر دەبوایە لەرێوە ئازادیان بکات".

 

حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەشکردووە، جگەلەوە بەشداری کردن لەخۆپیشاندانیکی مەدەنی بۆداواکردنی مووچەو بژێوی چ پەیوەندی بەئاسایشەوە ھەیە تا ببرێنە ئەوێ لەکاتێکدا یاسای ئاسایشی گشتی ئەو تاوانانەی دیاری کردوە کەلەدەسەلاتی ئاسایشن بەھیچ شێوەیەک تاوانی سەرپێچی یاسای خۆپیشاندانی تێدا نیە، لەھەمووی سەیرتر ھەندێ لە راگیراوەکان براونەتە زیندانی فەرماندەیی کە ئەمە خۆی لەخۆیدا تاوانە ، چونکە دەبێ ھەموو کەسێک ئەگەر بەفەرمانی ددوەریش ڕابگیرێ دەبێ لە گرتوخانەی یاسایی و زانراوو بێ و لەژێر چاودێری داواکاری گشتیدا بێ.

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان دەڵێت" لەکاتێکدا ئێوە بەکەیفو میزاج و بەرژەوەندی خۆتان یاساکان جێبەجێ دەکەن و رێز لەیاساکانی پەرلەمانە بێ دەسەلاتەکەی خۆشتان ناگرن ، چۆن داوا لەھاولاتیەکی ئاسایی دەکەن کە بۆ مووچەو بژێوی ژیان دێتە سەرجادە پابەندی یاسا بێ؟". 



PM:11:48:12/12/2020