گۆڤارێکی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا پێشبینی دەکات عێراق بەرەو ئیفلاسی و شەڕی ناوخۆ بچێت.
گۆڤاری (فۆڕێین پۆلیسی)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، عێراق بە بارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، پێشبینش دەکات کە ئەگەری هەرەسهێنانی دارایی عێراق هەیە و دواتریش هەرەسهێنانی سیستەمی سیاسیی.
لە راپۆرتەکەشدا هاتووە هۆکاری هەرەسهێنانی ئەو وڵاتە دەگەرێنێتەوە بۆ گەندەڵی کە بۆتەهۆ بێهێزبوونی حکوومەت و دروستبوونی تۆڕی دزی و گەندەڵی، هەروەها نەمانی کەرتی تایبەت و پشتبەستنی عێراقییەکان بە حکوومەت.
ئەو گۆڤارە ئەمریکییە ئاماژەی بە کورتهێنانی دارایی عێراق کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، کە کورتهێنانی مانگانە لە نێوان سێ ملیار و 500 هەزار دۆلار و چوار ملیار و 500 هەزار دۆلارە.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو قەیرانەوە، دراوی قورسی عێراق بەەو کەمبوونەوە دەچێت و لە هاوینی داهاتوو دەگاتە ئاستێکی کەمیی مەترسیدار و حکوومەت دەخاتە بارودۆخێکی سەخت و توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نامێنێت.
فۆرێین پۆلیسی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەهۆی ئەوەی حکوومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکان دابین بکات، ئەو هێزانە بێهێز دەبن و گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکان شوێنیان دەگرنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕ لەنێوان ئەو گرووپانە لە ناوخۆیان و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هەر لایەکیان دەست بەسەر سەرچاوەیەکی داهاتی عێراق دەگرێت و وڵاتە دراوسێکانیش دەست لە کاروباری درێژەدان بە شەڕە وەردەدەن.