قوباد تاڵەبانی: فشارێکى سیاسى هەیە بۆ ئەوەى گەشەسەندنى هەرێمى کوردستان ڕابگیرێت

سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" ئامانجی سەردانەکەی ئەم دوایەی شاندی حکومەتی هەرێم بۆجێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای قەرز بووە و لەگفتوگۆکاندا گه‌یشتونه‌ته‌ زۆر لێکتێگه‌یشتن". دەشڵێت" فشارێکى سیاسى هەیە بۆ ئەوەى گەشەسەندنى هەرێمى کوردستان ڕابگیرێت".

 

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانکاری کوردستان بۆ بەغدا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە رایگەیاند" ئەو بێمتمانەییەی دروست بوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا چیتر تەنها بە قسە چارەسەر ناكرێت، ئەو هەمو ساڵەی قسەكردن لەسەر رێككەوتن و رێك نەكەوتن وایكردوە قسە جێی خۆی ناگرێت، ئەمڕۆ رۆژی ئیشكردنە لەبری قسەكردن".

 

قوباد تاڵه‌بانی ئەوەشی خستەڕوو، داوای لەپەرلەمانی عێراق کردوە چاودێر بن به‌سه‌ر چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی یاسای قەرز و ئومێدەوارن لە له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا پێشكه‌وتنی زیاتر لەگفتوگۆکان بەدیبهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا کەلەکاتی گفتوگۆکاندا پێشبینی کراوە هه‌ندێك كه‌سی ئیداری یان یاسای ره‌نگه‌ کێشە بخەنەبەردەم کاروبارەکان بۆیە ناڵێم هیچمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام رێكه‌وتنێكمان نه‌كردووه‌ به‌داخه‌وه‌ بۆ ئەوەی رایبگه‌یه‌نین بۆ خه‌ڵكی خۆمان و عێراق.

 

وتیشی" فشارێکى سیاسى هەیە بۆ ئەوەى گەشەسەندنى هەرێمى کوردستان ڕابگیردرێت تا بەشەکانى ترى عێراق پێشبکەون و بگەنە ئەو ئاستە، نامانەوێت لە پارێزگاکانى ترى عێراق ببەین و بیدەین بە هەرێمى کوردستان".

 

ڕاشیگەیاند" ئەم هەڵسەنگاندنە هەڵەیە. لە سەرجەم عێراق كەموكوڕی هەیە لە سیستمی حوكمڕانی بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە لەبری ئەوەی ئێمە تۆمەت ئاڕاستەی یەكدی بكەین، دەبێت بێین كێشە گەورەكان چارەسەربكەین". 



AM:09:30:18/12/2020