پەروین بوڵدان داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و سەرجەم زیندانە سیاسییەکانی دی دەکات کە لەتورکیا دەستگیرکراون، هەر ئەمڕۆ ئۆردوغان سەرباری ئەوەی جەختی کردەوە کە ئامادەن پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەورپاو ئەمەریکا دەکەنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە داواکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوایەکی سیاسییە.
 
ئەمڕۆ ٢٣ ی کانوونی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە ئیستانبوڵ، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە وتی" پێویستە دەمیرتاش و تەواوی زیندانییە سیاسییەکانی دیکە دوای دەرچونی ئەم بڕیارە راستەخۆ ئازاد بکرێن".


بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو کە پارێزەرەکانی سەڵاحەددین دەمیرتاش هەوڵی زۆریانداوە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە و رەخنەی لەوەش گرت کە هەرچەندە بڕیارەکە ئێوارەی دوێنێ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازادنەکراوە و وتی،"پێویستبو دوای دەرچونی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرایە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە. 

 
هاوسەرۆکی هەدەپە لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " لە راستیدا ئەمە بابەتێک نییە تەنها پەیوەندی بە هەدەپە-وە هەبێت، راستە بڕیارەکە بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش دەرکراوە، بەڵام لە راستیدا پەیوەندی بە ملیۆنەها کەسەوە هەیە".


بوڵدان روونکردنەوەی زیاتری داو وتی " بڕیارەکە تەنها تایبەت نییە بە هەدەپە، بەڵکو تایبەتە بە هەمو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەکان، ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمە دەکرێن، سبەی بەرامبەر پارتەکانی دیکەش دەکرێن، بە پێویستی دەزانم هەمو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڵوێستی ئەرێنییان لەسەر ئەم بڕیارە هەبێت و پشتگیری بکەن".

 


PM:09:42:23/12/2020