کوڕی ئەو ژنە کوردەی خەڵاتێکی جیهانی وەرگرت بەتۆمەتی پەکەکە لەهەولێر دەستگیرکراوە



جەمیلە ئەو ژنەی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەیەکێک لە ئافرەتە ناودارەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەستنیشانکرا، کوڕەی کە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیە و پرۆژەی سیستمی خۆراکیی کیتۆی لە هەرێم بڵاوکردەوە، ماوەی چوار رۆژە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دەستبەسەرە بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە " پەکەکە "ەوە.

 


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کەسوکاری  ئەو کوڕە کە ناوی مەزنە رایگەیاندووە" کوڕەکەیان لە رۆژی ھەینی رابردوودا رێستۆرانتێکی تایبەت بە کیتۆی لە شاری ھەولێر کردووەتەوە و لە سەرلەبەیانی رۆژی شەممەشدا لەلایەن ھێزێکی ئاسایشی شارەکەوە دەستبەسەرکراوە".

 


کەسوکارەکەی باس لەوەش دەکەن، دوای چەندین جار پرسیارکردن و ھەوڵدان، بەڵام ھێشتا ئاسایشی ھەولێر مۆڵەتی بینینی مەزنیان بە کەسوکارەکەی نەداوە و تەنیا بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵکردووە.




لەبارەی ھۆکاری دەستگیرکردنیشیەوە، کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوەکرد، لە ئاسایشی ھەولێرەوە بیستوویانە، کە مەزن بە دوو ھۆکار دەستگیرکراوە، یەکەم گوایە کاری بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە و دووەمیش دەمانچەی پێبووە.

 

 


کەسوکارەکەی دەشڵێن، مەزن ھیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە و ئە بیانوە بێ بنەمایە. بۆ تۆمەتی دووەمیش باسیان لەوەکرد، کە مەزن مۆڵەتی ھەڵگرتنی دەمانچەی لە سلێمانی دەرھێناوە و بەبێ مۆڵەت دەمانچەی ھەڵنەگرتووە.

 


مەزن ھەیاس، کە بە قسەی کەسوکارەکەی وەک بە ئێن ئار تی یان راگەیاندووە "لە خۆشەویستی دایکیدا ناوی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە ناوی دایکیەوە کردووە و ناوی خۆی ناوە مەزن جەمیلە"، خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانییە.

 


PM:08:17:29/12/2020