پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت ژمارەیەک گەنج هێرشیان کردۆتە سەرچەند ئۆتۆمبیلێکی گەشتیاری، لە پای ئەوە هێزە ئەمنییەکان ١١ کەسیان دەستگیرکردووە.
لەو راگەیاندنەدا کە پارێزگاری هەولێر دەریکردووە، تیایدا هاتووە " بە داخەوە دوێنێ شەو چەند گەنجێک دوور لە هەموو دابونەریتێکی میواندۆستانەی کۆمەڵگەی کوردستان، لە شاری هەولێر هێرشیان کردە سەر چەند ئوتومبێلێکی گەشتییارانی شارەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتبوونە هەولێر" .
هەروەها هاتووە " هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، دەمودەست ڕێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر و یازدە کەسیان لەو هێرشبەرانە دەستگیرکرد کە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".
پارێزگاری هەولێر جەخت دەکاتەوە کە ڕێگە نادەن، هیچ کەس و لایەنێک، ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان تێک بدات و میواندۆستیی کۆمەڵگەکەمان بشێوێنێ و، دەڵێن" هەر کەسێک سەرپێچییەکی لەم شێوەیە بکات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت".