مەسرور بارزانی لەسەر هێرشكردنە سەر گەشتیارانی عەرەب لە هەولێر و ئاكرێ هەڵوێستی ڕاگەیاند

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشكردنە سەر گەشتیارانی عەرەب لە هەولێر و ئاکرێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێـت" ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان".

 

دەقی پەیامەکە: 

 

بە داخێکی زۆرەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا ، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان. 

 

هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە . بۆیە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە ڕەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان. هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 



PM:09:35:02/01/2021