مەکگۆرک لە ئیدارەی نوێ پۆستێکی گەورە وەردەگرێت
نوسەرێک: دەبێت سەرکردایەتی کورد واز لەرقهەڵگرتن بهێنن

برێت مەکگۆرک دەبێتە بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە ئەنجومەنی ئاساییشی نیشتیمانیی لە ئیدارەی بایدن، نووسەرێک لەبارەی ئەم پێشهاتە نوێیەوە دەڵێت: دەبێت سەرکردایەتی کورد واز لە رقهەڵگرتن بهێنێت.

 

کەمال چۆمانی نووسەرو رۆژنامەنووسی کورد لە نووسینێکی کورتدا لەسەر پەیوەندی مەکگۆرک و کورد دەڵێت " مەسعود بارزانی لەو چەند لاپەڕەیەی دەربارەی ریفراندۆم نوسی بەگاڵتەوە باسیدەکات کە " تەنانەت ترامپ نەیناسیوە" و تویتێکی سایتکردوە کە ترامپ دەریکردوە".



 چۆمانی دەڵێت " ئەوە بۆیە باسئەکەم کورتبینیی و رقهەڵگرتن لە سیاسەت، بەتایبەت لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکا، کارێی خراپە. 

 

 
پارتی لە کاتی ریفراندۆمدا کامپێینێکی خراپی دەستپێکردبوو، کەسانی وەک سەرۆ قادر و ئەوانیتریش زۆر بەناشیرینیی هەڵمەتی شێواندنیان دەستپێکردبوو. ئەمە لە کاتێکدا مەکگۆرک هەم لە کارەکەیدا دژ بە داعش زۆر سەرکەوتوبوو، هەمیش لە تورکیا و سوریا و عێڕاق هەمیشە پشتیوانیی داواکانی کورد بووە. لە پرسی ریفراندۆمیش، ئەوەی مەگێرک بۆ کورد کردی کەم نەبوو، بەڵام سیاسەتمەداران و سیاسەتی کورتبین و خۆپەرست نەیانزانی چۆن مامەڵە بکەن".



ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵیت " ئەوەی دوێنێ رقیان بەرانبەری هەڵدەڕشت، ئەمڕۆ دەبێ لە ئاستی هەرەباڵا پێشوازیی لێبکەن و لۆبیی بکەن تا سڵاوێکیان لێ دەکا".



کەمال چۆمانی دەشڵێت " ئەو سیاسەتی یان دوژمن یان دۆست زۆر زیانی لە کوردستان داوە، قوربانییەکەی هەمیشە گەل داویەتی. ئەو سیاسەتە لە ناوخۆدا ئاژاوە و ململانێ و شەڕ و لە دەرەوەش پەراوێزخران و لەدەستدانی دۆستی بەدوایە".

 

برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە ئیدارەی ئۆباماو بۆ ماوەیەکیش لە ئیدارەکەی ترامپ بوو بۆ شەڕی داعش، دۆستی دۆزی کوردە، بەڵام لەسەردەمی ریفراندۆمدا ساردی کەوتە نێوان ئەو سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانیەوە.

 

لە ئیدارەی نوێی بایدندا کراوەتە بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە ئەنجومەنی ئاساییشی نیشتیمانیی.

 


PM:06:18:06/01/2021